سەردێر

ئاسایش، گروپێكی ساختەكردنی دراوی دەستگیر كرد

خەڵك – یەحیا حبیب

ئەمڕۆ پێنج شەممە، بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور دەستگیركردنی سێ تۆمەتبار ڕاگەیاند، كە هەستاون بە كۆپیكردنی دراوی جۆری (100$) سەد دۆلاری كە بڕەكەی (5600) پێنج هەزار و شەش سەد دۆلار بووە.

بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لە چوارچێوەی هەڵمەتی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور لە ‌بەرواری (17/2/2021) دوای ئەوەی لە لایەن كەسێكەوە ئاگاداركراین كە ماتۆڕیكی فرۆشتووە بە كەسێك دواتر بۆی دەركەوتووە كە پارەی ساختەی وەرگرتووە.

ئاشكراشیكرد، دەستبەجێ هێزاكانمان لە یاریدەدەرێتی ئاسایشی سەیدسادق، بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی شارەزوور و بەپێی ماددەی (281 لە ی.س) توانیان تۆمەتباری سەرەكی دەستگیر بكەن كە هەستاوە بە كۆپیكردنی دراوی جۆری (100$) سەد دۆلاری كە بڕەكەی (5600) پێنج هەزار و شەش سەد دۆلار بووە دواتر مامەڵەی پێوەكردووە.

ڕوونیشیكردەوە، دوای لێكۆڵینەوە دەركەت كە دراوەكان لای كەسێكی تر كۆپی كردووە و هەر بۆیە هێزەكانمان تۆمەتباری سێیەمیش دەستگیر دەكەن كە بریتین لە هەر سێ تۆمەتبار بەناوەكانی (ش.م.ف) و (پ.ك.ح) و (پ.ب.ع) پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەی زیاتریش لەو بارەیەوە بەردەوامە.