سەردێر

گەمارۆدانی توركیا لەلایەن ئەمریكاوە پرسێكی زیندووە

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، هەركات توركیا هاتە نێو هەریم، ئەزموونی باشوور دەكەوێتە مەترسییەوە.

هەرچەندە ناوە ناوە بۆردومان و ئۆپەراسینەكانی توركیا بۆسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دژی پەكەكە ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەشێك لەو زیانانە بەر هاووڵاتیانی سڤیل دەكەوێت، هاوكات توركیا ئاشكرایكردووە، دەستبەرداری مووشەكی s400 دەبێت لەبەرانبەر وەستاندنی هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ پەكەكە.

كانەبی باپیر چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمریكا پێشتر پڕۆژەی گەمارۆدانی توركیای پەسەند كردووە، بەڵام لە ئیدارەی تڕەمپ گەڕایەوە و واژووی نەكرد و هەڵیپەسارد، بینیشمان چەند سزایەكی بواری سەربازیاندا، بەڵام لە بازنەیەكی تەسكدا بوو.

وتیشی”توركیا بەو گەمارۆیانە تەنگاو بوو، كاریگەری لە ئابووری ئەو وڵاتە كرد، ئێستاش توركیا نەرمی نواندووە و پڕۆژەی گەمارۆكانیش بوونی هەیە، بەڵام ئایا بایدن ئەو پڕۆژەیە زیندوو دەكاتەوە یان نا، تاكو ئێستا دیار نییە”.

سەبارەت بە مووشەكەكانی توركیا، ناوبراو ڕایگەیاند، توركیا مووشەكەكانی هێناوە و قۆناغی زۆری بڕیوە و ئەوەندەی نەماوە، ئەمریكاش لە لێدوان و هەڵوێستێكی توركیا دڵی ئاو ناخواتەوە و وازناهێنێت.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كورد دەرفەتێكی باشی لەپێشە و دەكرێت یەكگرتوو بێت و پشتگیری پارچەكانی دیكە بكرێت و خوێندنەوەی باش بۆ یەكتر هەبێت.