سەردێر

“بەلامەركەزیەت هاوسەنگی بۆ حوكمڕانی دەگەڕێنینەوە”

خەڵك – نزار جەزا

سەرۆكی كۆمسیۆنی حكومەت و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ (خەڵك) باسی لەدوایین وادە كرد، كە پێویستە پارتی وەڵامی پڕۆژە لامەركەزییەكەی یەكێتی بداتەوە. هەروەها ئاماژەی بۆئەوەكرد، كە لامەركەزیەت بۆ بەهێزبوونی زیاتری حكومەتی هەرێمە و دەیانەوێت هاوسەنگی بۆ حوكمڕانی بگەڕێنینەوە. دەشڵێت: ئەم حكومەتەی ئێستا هەڕەشەیە بۆ پێگەی قەوارەی هەرێم نەك پڕۆژەی لامەركەزیەت.

شلێر شەهید غەفوور ژاژڵەیی، لەدیمانەكەدا ئەوەشی خستەڕوو، حكومەت لەئاستێكی زۆر بەرزدایە و خەڵكیش لەئاستێكی نزمی ژیاندایە. جەختی لەئەوەشكردەوە، ئێستا فەشەلێكی حوكمڕانی هەیە، كە لەهیچ سەردەمێك لەسەردەمەكانی دەسەڵاتی حوكمڕانی كوردیدا، حكومەتی ئاوا قەیراناوی نەبووە.

دەشڵێت: لەسەردەمی دووئیدارەیی ئەم سنوورە گەشە و پێشكەوتن و كرانەوە و ئاوەدانی زیاتری هەبوو، بەڵام كاتێك ئیدارەكان یەكیانگرت، وردە وردە دەسەڵاتەكان لەم سنوورە وەرگیرانەوە و ئەم ناوچەیە وشككرا.

 

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

خەڵك: دەتانەوێت بە پڕۆژەی لامەركەزیەت چی گۆڕنكارییەك دروستبكەن؟

شلێر شەهید غەفوور ژاژڵەیی: یەكێتی بەهەموو بڕوایەكەوە بڕوای بەپڕۆژەی لامەركەزی بۆ هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەیە، نەك بەتەنها بۆ سلێمانی. پڕۆژەی لامەركەزی و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی بواری ژیانێكی ئاسانتر و خۆشگوزارەنتر بۆ سەرجەم هاوڵاتییان لەسەرجەم شارەكانی هەرێم دەڕەخسێنێت، لەبەرئەوە ئەم پڕۆژەیەمان پێشكەش بەحكومەت كردووە و پشتیوانی دەكەین. لەئێستاشدا لەهەوڵی ئەوەداین پشیتوانی و كۆدەنگی بۆ دروستبكەین.

 

پڕۆژەی لامەركەزیەت دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەرێم نەك لاوازبوونی

پڕۆژەی لامەركەزیەت دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەرێم نەك لاوازبوونی، لەبەرئەوەی كاتێك هەر پارێزگایەك ئیدارەیەكی سەركەوتووی هەبێت، پیشتیواندەبێت بۆئەوەی حكومەتێكی سەركەوتوو هەبێت، ئەوكاتەش حكومەتی هەرێم دەبێتە چاودێرێكی بەهێز بەسەر سەرجەم پارێزگاكانەوە، بەڵام هەر پارێزگایەك لەناوخۆیدا ئیدارەی خۆی دەكات و گەشەبەخۆی دەدات، كە ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەكردنی زیاتر و زیادبوونی هەلی كار و كرانەوەی زیاتر.
ئێستا حكومەتی هەرێم بەڕووی خەڵكدا داخراوە، حكومەت لەئاستێكی زۆر بەرزدایە و خەڵك لەچاڵاییەكی خوارەوەیە و لەئاستێكی نزمی ژیاندایە، لەبەرئەوە حكمەتی هەرێم بەڕووی هاووڵاتییاندا دەكرێتەوە و ژیانێكی شایستەتر بۆ هاوڵاتییان دەستەبەردەكات.

 

فەشەلێكی حوكمڕانی هەیە، كە لەهیچ سەردەمێك لەسەردەمەكانی دەسەڵاتی حوكمڕانی كوردیدا، حكومەتی ئاوا قەیراناویمان نەبووە

خەڵك: ڕەخنەكان ئەوەیە كە یەكێتی دەیەوێت هەرێم دوولەت بكات و سلێمانی بگەڕێنێتەوە سەر بەغداد، وەڵامتان بۆ ئەم ڕەخنەیە چییە؟
شلێر شەهید غەفوور ژاژڵەیی: پێویستە زیاتر پڕۆژەكە بەخەڵك بناسێنرێت، چونكە ئەوانەی لەوردەكاری پڕۆژەكە ئاگادارنین، لەوانەیە وابیربكەنەوە لەتكردنی هەرێمبێت، یان بەستنەوەی پارێزگایەكبێت بەبەغدادەوە، ئەمەش ڕاست نییە و دوورە لەڕاستییەوە.
جێبەجێكردنی لامەركەزیەت دەبێتەهۆی بەهێزكردنی پێگەی هەرێم. ئێستا لامەركەزی نییە، بەڵكو حكومەتێكی ناوەندی زۆر بەهێزمان لەهەولێر هەیە، كە هەموو دەسەڵاتەكانی گەڕاندووەتەوە بۆخۆی، تەنانەت وەزیرەكانیش دەسەڵاتیان لانەماوە، دەبێت ئەوانیش بگەڕێنەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
ئێستا فەشەلێكی حوكمڕانی هەیە، كە لەهیچ سەردەمێك لەسەردەمەكانی دەسەڵاتی حوكمڕانی كوردیدا، حكومەتی ئاوا قەیراناویمان نەبووە، كە قەیران بەقەیران چارەسەردەكات و لەنەبوون قەیران دروستدەكات. كەواتە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم حكومەتی ئێستا هەڕەشەیە بۆسەر پێگەی هەرێم، نەك جێبەجێكردنی لامەركەزیەت، كە دەمانەوێت دروستبوونی چەند پارێزگایەكی بەهێز هەبێت و لەسەرەوە حكومەتی ناوەندی هەرێم چاودێربێت بەسەر پارێزگاكانەوە، ئەمەیە كەئێمە باوەڕمان پێیەتی و پێمانوایە هەرێمێكی بەهێز دروستدەكات، هەرێمێك لەناویەك تەبا دەبێتە هۆكاری نزیككردنەوەی لایەنەكان و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ڕاكێشانی كونسوڵخانەكان و زیادكردنی پڕۆژە و وەبەرهێنان.
ئەمانەن كە دەبنەهۆی بەهێزكردنی هەرێمی كوردستان، وەك یەكێتیش تاكە ئامانجمان بەهێزبوونی پێگەی هەرێم و پاراستنی قەوارەكەیە، چونكە یەكێتی زۆرترین قوربانی لەپێناو ئەم قەوارەیە داوە.

خەڵك: یەكێتی كە لەم سنوورەدا دەسەڵاتی تەواوی هەیە، وەك پێویست خزمەتی هاوڵاتییانی نەكردووە، ئەگەریش ئێستا لامەركەزیەت جێبەجێبكرێت، هەروەك پێشتر دەبێت، ئەمە ڕەخنەیەكەو لەئێوە دەگیرێت، ئێوە چی دەڵێن؟

شلێر شەهید غەفوور ژاژڵەیی: سلێمانی یان ئەو زۆنەی كە پێی دەوترێت زۆنی سەوز(بەداخەوە بەم جۆرە دابەشكراوە) بەپلەی یەكەم یەكێتی لێی بەرپرسیارە، بەڵام بەڕێوەبردنێكی هاوبەشبووە لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بەپێی پێگەی خۆیان و پشكیان لەبەڕێوەبەردنی سەرجەم شار و شارۆچكەكان هەبووە و ئەم سنوورەش سنوورێكی زۆر فراوانە، بەڵام دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییەكانمان لێوەرگیراوەتەوە، واتە بۆ واژۆیەك بۆ كارێك دەبێت بچێتەوە بۆ هەولێر، كە ئەمەش ڕۆتیناتێكی زۆرە و دەسەڵاتی خەرجكردنی هەموو پارەیەك لەم سنوورە وەرگیراوەتەوە و چۆتەوە بۆ هەولێر، بۆ هەر مامەڵەیەك شەش بۆ هەشت مانگی دەوێت تادەگاتە شوێنی خۆی، ئەوكاتەش مەرج نییە، كە جێبەجێبكرێت، لەوانەیە ڕەتبكرێتەوە.
ئەمانە هەمووی كۆمەڵێك ڕۆتیناتن، كە هەمووی بۆتە دواكەوتنی ژیان لەم سنوورە، تەنانەت لەسەردەمی دووئیدارەیی ئەم سنوورە گەشە و پێشكەوتن و كرانەوە و ئاوەدانی زیاتری هەبوو، بەڵام كاتێك ئیدارەكان یەكیانگرت، وردە وردە دەسەڵاتەكان لەم سنوورە وەرگیرانەوە، ئەم ناوچەی وشك كرا و هەموو پڕۆژەكان ڕاگیران، پڕۆژە و كۆمپانیا و وەزارەت و كونسوڵخانەكان و تەواوی بڕیارەكان بران بۆ سنووری ئەولا.
دەمانەوێت هاوسەنگی بۆ حوكمڕانی بگەڕێنینەوە، هاوسەنگی لەنێوان شارەكاندا هەبێت، بۆنمونە سلێمانی لەڕووی دانیشتووانەوە چەندهێندەی دهۆكە، بەڵام لەڕووی بودجەوە بودجەی دهۆك چەندهێندەی بودجەی سلێمانییە. بەپێی داتا و ئامارەكان بودجەی نێوان قەزا و ناحیەكانیش بەهەمانشێوە جیاوازی تێدایە بەراورد بەقەزا و ناحیەكانی سنووری ئەولا. ئەمانەش هەمووی هۆكارن بۆ ووشكبوونی ئەم ناوچەیە.

خەڵك: هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستانە لەنێو كۆبوونەوەكاندا چۆنبووە؟ هیچ وادەیەكتان داناوە بۆ وەرگرتنی دوا هەڵوێستی ئەو پارتە سیاسییە؟
شلێر شەهید غەفوور ژاژڵەیی: پێشتر لەناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان باسمان لەلامەركەزیەت كردووە، ئەوانیش بەئەرێنی وەڵامیان داوینەتەوە، بەڵینیاندا كە ئەوانیش لەناوخۆیاندا گفتوگۆی لەسەربكەن و بەرەوپێشی ببەن. وەك دوا وادەش بۆ هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆتایی ساڵی ٢٠٢٠مان دانا، بەڵام تاكو ئێستا هەڵوێستێكی ئاشكرایان نەبووە، كە بڵێن دەیكەین یان نایكەین.
ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان كردوویەتی، دابەزاندنی كۆمەڵێك دەسەڵاتی ئیداری زۆر سادە و ڕۆتیناتە، كە دەكرێت هەر فەرمانگەیەك خۆی بیكات، بۆئەوەی هاوڵاتییان هیلاكنەكرێن و كەسانی بەرپرسیش سەرقاڵنەكرێن بەڕۆتیناتەوە.
ئەم دەسەڵاتانەی شۆڕكراونەتەوە پەیوەندییان بەپڕۆژە لامەركەزییەكەی یەكێتییەوە نییە، لەبەرئەوەی ئێمە تاكو ئێستا وەڵامێكی ڕوونی پارتیمان گوێ لێ نەبووە و هەنگاوێكی جدیمان لەوان نەبینیوە بۆئەوەی پاڵپشتی پڕۆژەكە بكات.
لەوانەیە دواوادەمان نزیكبێت، بۆئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستێكی ڕوون و ئاشكرامان پێبڵێت، دواتریش یەكێتی هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت.

خەڵك: ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان بەپڕۆژەكەی ئێوە ڕازینەبێت، هەڵوێستی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان چی دەبێت؟
شلێر شەهید غەفوور ژاژڵەیی: كاتێك هەڵوێستی ڕوونی پارتیمان وەرگرتن، ئەوكاتە یەكێتیش هەڵوێستی ڕوونی خۆی دەبێت.

خەڵك: تا چ ڕادەیەك پێداگیری لەجێبەجێكردنی پڕۆژەی لامەركەزیەت دەكەن؟
شلێر شەهید غەفوور ژاژڵەیی: بەهەموو جۆرێك پێداگیری دەكەین لەوەی ئەم پڕۆژەیە جێبەجێبكرێت، بڕیارمانداوە پشت لەخەڵكی خۆمان نەكەین، لەدوای كۆنگرەشەوە یەكێتی زۆر بەبەهێزی هاتووەتەوە سەرخەت، لەو كاتەشەوە چەندین هەڵوێستمان هەبووە، كە پشتگیری لەجەماوەر دەكەین، بڕیارمانداوە كە یەكێتی یەكێتی خەڵك بێت، بەبێ جیاوازی بۆ هەموو خەڵك بێت، پێداگیریش لەوەدەكەین، كە ئەم حكومەتە بگۆڕین بۆ حكومەتێكی هاوڵاتییان.

خەڵك: جیا لەو پێداگیرییەی یەكێتی، ئومێدتان هەیە پڕۆژەكەتان جێبەجێبكرێت؟
شلێر شەهید غەفوور ژاژڵەیی: ئومێدمان بەپڕۆژەكەمان هەیە، چونكە هێزێكی سیاسی گەورەین، خاوەنی پێگەی خۆمانین، بڕیارمانداوە هەڵوێستی سیاسی ڕوونمان هەبێت و دواتر هەڵوێستەكان ئاشكرادەكەین.

بزووتنەوەی گۆڕانیش بەهەمانشێوە پڕۆژەیەكی لامەركەزی پێشكەش كردووە، كە لەزۆرینەی خاڵەكان هاوبەشین

 

خەڵك: لەئاستی نێودەوڵەتی پشتیوانی بۆ پڕۆژەكە هەیە؟
شلێر شەهید غەفوور ژاژڵەیی: بەدڵنیایی لەهەموو ئاستەكان پاڵپشیتمان هەیە، چونكە كاتێك خۆمان پێداگیربووین لەسەر شتێك لەئاستی نێودەوڵەتیش پاڵپشتی دەكرێین، زۆر لەدەوڵەتان پشتیوانی لەكورد دەكەن كاتێك كە كورد خۆی بەهێزبێت، پشتیوانی لەوەدەكەن، كەهەرێمێكی خۆشگوزەران و ئارام و دەسەڵاتێكی دیموكرات بوونی هەبێت، چونكە هەموو دەوڵەتە پێشكەوتووخوازەكان خواستیانە كە ناوچەیەكی ئارام لەعیراق هەبێت، ئەمەش نەك لەبەر چاوی ڕەشی كورد، بەڵكو لەبەرئەوەی ئەوانیش بەرژەوەندییان لەم ناوچەیەدا دەبێت و بەرژەوەندییەكانیان دەپارێزن، بۆیە پشتیوانمان هەیە و پشتیوانییەكانیش زیاتر دەبن.

خەڵك: لەئاستی ناوخۆی هەرێم ئاستی پاڵپشتییەكان بۆ پڕۆژەكەتان چۆنە؟
شلێر شەهید غەفوور ژاژڵەیی: بزوتنەوەی گۆڕانیش بەهەمانشێوە پڕۆژەیەكی لامەركەزی پێشكەش كردووە، كە لەزۆرینەی خاڵەكان هاوبەشین و لەیەكەوە نزیكین، واتە جیاوازییەكی زۆركەم لەپڕۆژەكەی ئێمە و ئەوان هەیە.
یەكێتی لەدوای كۆنگرەی چوارەوە، پەیوەندییەكی زۆرباشی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان هەیە و بەردەوام لەپەیوەندیداین و لەیەكتر نزیكین، هاوكات هاوڵاتیان و ڕێكخراوەكان و چین و توێژە جیاوازەكان پشتیوانی پڕۆژەكەن، بۆئەمەش سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەین كە پاڵپشتن.

خەڵك: سەبارەت بە حزبە ئیسلامییەكان ئەوان هەڵوێستیان چۆن بووە لەبەرامبەر پڕۆژەكەتان؟
شلێر شەهید غەفوور ژاژڵەیی: ئەوانیش تاڕادەیەك پشتیوانمانن، چونكە دەزانن پڕۆژەكە لەخزمەتی هاووڵاتییاندایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەناو دەسەڵاتنین پڕۆژەیان پێشكەشنەكردووە.

خەڵك: چی پەیامێكت بۆ ئەو هاووڵاتییانە هەیە، كە چاوەڕوانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی ئێوەن؟
شلێر شەهید غەفوور ژاژڵەیی: سوپاسی هاووڵاتییان دەكەین، كە تاكو ئێستا لەسەرمان وەستاون، دەزانین متمانەیان بەیەكێتییە چاوەڕوانی هەڵوێستی یەكێتین، بۆیە تاكو ئێستا ئارامییان پاراستووە، دڵنیایان دەكەینەوە، كە یەكێتی پشت لە هاووڵاتییان ناكات و دەبێت ئەم حكومەتە بگۆڕین بۆ حكومەتێكی هاوڵاتی بۆسەرجەم چین و توێژەكان لەسەرجەم شارەكان.