سەردێر

سەركردەیەكی پارتی، لەسەر باڵباڵێنی ناو حزبەكەی ڕوونكردنەوە دەدات

پارتی ئەمساڵ كۆنگرە دەبەستێت، ئەگەر ڕێگری سیاسی و ئابووری و تەندروستی بۆ دروست نەبێت

 

خەڵك-

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ڕایدەگەیەنێت، بڕیاردراوە كۆنگرە ئەنجام بدرێت، پەیڕەو و پڕۆگرام دیراسەكراوە و گفتوگۆی پێویستی لەسەركراوە و لیژنەی تایبەتمەند كاری لەسەر كردووە و دراوە بە ئۆرگانەكانی حزب و تێبینی خۆیان داوە لەسەری و هەموو پێداویستییەكانی كۆنگرە ئامادەكراوە، ئەوەی تا ئێستاش كۆنگرە نەكراوە، تەنها بابەتی كۆرۆنا بووە ئەگینا هیچ گرفتێكمان نەماوە.

عەای حوسێن ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئانادۆڵی ڕاگەیاند، پارتی حزبێكی گەورەیە و بەدڵنیایی لەبەر پەتای كۆرۆنا و ئێستاش ئەم كۆرۆنا نوێیە، دەبێت زۆر ووریابین و خوێندنەوەمان بۆی دەبێت بۆئەوەی زیان بە خەڵك نەگات، چونكە كۆبوونەوەیەكی بەو جۆرە دەبێت حساب بۆ لایەنی تەندروستی بكرێت.

وتیشی”پارتی حزبێكی گەورەیە، لەبەر ئەوە بڕواناكەین بتوانین بە خەڵكێكی كەمەوە بچینە نێو كۆنگرە، بەڵام بابەتی زۆر و زۆرتر ڕەنگە بتوانین قسەی لەسەر بكەین، كۆنگرەی پێشتر زیاتر لە دوو هەزار ئەندامی هەبوو، ئێستا پارتی فراوانتریش بووە و ژمارەی ئەندام و لایەنگری زیادیشی كردووە، بۆیە هیچ ژمارەیەك دیاری نەكراوە تاكو ئێستا، بەڵام خۆئەگەر نیوەی ئەو ژمارەیەی جاری پێشوویش بەشداری بكەن، هێشتا ژمارەیەكی زۆرە بۆ ئەو دۆخە”.

ئاشكراشیكرد، سەركردایەتی حزب بڕیاری ئەوەی داوە ئەمساڵ كۆنگرەكە بكرێت، بۆ ڕۆژەكەشی ٢٦ی مانگی پێنج دەبێت، بەڵام خۆ هەلومەرجی سیاسی، ناوخۆی، نێودەوڵەتی، ئابووری و بەتایبەتتریش بارودۆخی تەندروستی زۆرجار ڕێگر دەبێت.

عەلی حوسەین، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان
عەلی حوسەین، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

عەلی حوسێن ڕاشیگەیاند، ڕاوبۆچوونی جیاواز لەناو هەموو حزبێكی سیاسییدا هەیە، ئەگەر حزبێك ڕای جیاوازی تێدانەبێت زیندووێتی نییە و دیموكراتیەتی تێدانییە، بەڵام پارتی ڕێبەرێكی هەیە كە مەسعود بارزانی-یە و یەكێكە لە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە دەتوانێت بڕیاربدات و خاوەنی قسە و بڕیاری خۆی بێت، بەڵام بەدڵنیایی ڕای جیاواز لەنێو ئەندامانی قیادی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی دەبێت، بەڵام ئێمە ڕەمزێكمان هەیە و ئەو حزبەش كە گرفتی نەبێت پارتییە.

جەختیشی كردەوە، باڵباڵێن لەنێو پارتیدا نییە و پارتی یەك باڵی هەیە و یەك سەری هەیە ئەویش سەرۆك مەسعود بارزانی-یە، حزبێكی گەورەین خاوەن قەزیەیەكین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاساییە ئەم جۆرە قسانەشمان ڕووبەڕوو بكرێتەوە.

پارتی دواجار بڕیاریدا ڕۆژی ٢٦ی ئایاری داهاتوو كۆنگرە خۆی ببەستێت، ئەمەش لەكاتێكدایە دەبوو حەوت ساڵ پێش ئێستا ببەسترایە، بەپێی زانیارییەكانیش، كۆنگرەكەی ئەم جارەی پارتی لە دهۆك دەبەسترێت.