سەردێر

عەلی باپیر، نهێنی گۆڕینی ناوی خۆی و حزبەكەی ئاشكرا دەكات

خەڵك-

سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، گۆڕینی ناوی حزبەكەیان مانای گۆڕینی ناوەڕۆك نییە و لەبنەڕەتدا حزبایەتی و سیاسەتیان خستووەتە خزمەت بنەماكانی ئیسلام لە دادپەروەری و بەرەنگاربونەوەی ستەم.

عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بە میدیای فەڕمی حزبەكەی ڕاگەیاند، گۆڕینی ناوی حزب مانای گۆڕینی ناوەڕۆك نییە و ئەوەمان نەهێشتووە كە خۆمان لە موسوڵمانان جیابكەینەوە، حیكمەتێكی دیكەی ئەو بڕیارەش بۆ مامەڵەكردنە لەگەڵ دەرەوەی خۆمان، بۆیە كردوومانە بە دادگەری، چونكە ئیسلام بۆ چەسپاندنی دادگەریی و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و گەندەڵی هاتووە.

وتیشی”پێش ئەوەی خۆمان بیر لە گۆڕینی ناوی ئەمیر و كۆمەڵ بكەینەوە، بەپێی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق نابێت ناوی كەسی یەكەمی حزب (ئەمیر) بێت و ئاڵاكەمان كە شایەتومانی تێدا نووسراوە، كۆمسیۆن داوای كردووە تێیدا نەبێت بۆ ئەوەی وەك موزایەدەی ئیسلامی سەیر نەكرێت”.

ئاشكراشیكرد، لە سەردەمی خەلیفەكانی ڕاشیدینیشدا ناو گۆڕین هەبووە و (جێنشینی پێغەمبەر) گۆڕدراوە بۆ (ئەمیرولموئمینین) و دواتریش لەسەردەمی عوسمانیەكاندا بووە بە سوڵتان.

ڕۆژانی 18 و 19ی ئەم مانگە كۆمەڵ كۆنگرەی چوارەمی خۆی بەست، كە تیایدا بڕیاریدا ناوی كۆمەڵی ئیسلامی بگۆڕێت بۆ” كۆمەڵی دادگەری” هاوكات جارێكی دیكە عەلی باپیر بە كەسی یەكەمی حزبەكە هەڵبژێردایەوە و ناوی” ئەمیر”یش گۆڕدرا بۆ” سەرۆك، ناو گۆڕینەكەش لەلایەن بەشێك لە ئەندامانی كۆمەڵەوە كاردانەوەی دروست كرد و بەهۆیەوە ژمارەیەك لە بەرپرس و ئەندامانی ئەو حزبە دەستیان لەكاركێشایەوە.