سەردێر

“لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران كەم دەكرێتەوە”

خەڵك-
وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، كە كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغداد كێشەیەكی سیاسیە بە پلەی یەكەم و دەشڵێت: “دۆخی ئابووری هەرێم باشتر بووە و داهات زیادی كردووە و ئەگەر بەو جۆرەبێت ڕێژەی لێبڕینی مووچە كەم دەكەینەوە”.

ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی (كوردستان24) ڕایگەیاندووە، بەهۆی قەیرانی دارییەوە مووچە بووە بەرپرسیاریەتی هەموومان، پرسی لێبڕینی مووچەش بڕیاری تەواوی حكومەتە و ناچاری بووە بەمەبەستی خۆگونجاندن بووە.

وتیشی، “داهاتی ناوخۆ زیادیكردووە و ئەگەر باشتر بێت، بڕی لێبڕینەكە كەمتر دەبێتەوە”.

سەبارەت بودجەی هەرێم ئاماژەی بەوەكرد، لەمەودوا بۆیەكەمجار بەشەفافی داهاتی نەوت، قەرزەكانی نەوت، خەرجیەكانی نەوت هەمووی دێتە ناو پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم و لەماوەی داهاتوودا پەسەند دەكرێت و دەدرێتە پەڕلەمانی كوردستان.

دەربارەی گفتوگۆكان لەگەڵ عیراق دەڵێت: “كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا كێشەیەكی سیاسیە بە پلەی یەكەم، ئەوان بودجەی هەرێمیان كردووە بە كارتێكی فشار بۆسەر هەرێم بۆ ئەوەی واز لە كەرتی نەوت و مەلەفی نەوت بهێنین، كە مافێكی یاسایی و دەستوورییە”.

لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران لەكاتێكدایە، كە ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوت گەیشتۆتە سەرووی 67 دۆلار و هەرچەندە وەك بەرپرسان دەڵێن: “هەرێم بە 10 دۆلار كەمتر دەیفرۆشێت” بەلام نرخەكەی بە بەراورد لەگەڵ كاتی بڕیاری پەیرشەوكردنی لێبڕینی مووچە زۆر بەرزبۆتەوە و داهاتێكی زۆر بۆ حكومەت دەستەبەر دەكات.