سەردێر

حكومەتی هەرێم بڕیاری لە لامەركەزی دا

خەڵك-
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لامەركەزیەت بڕگەیەكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمە و بۆ هەموو پارێزگاكانە و دەشڵێت: “لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ داڕشتنەوەی مۆدێلێكی گونجاو و ڕێكخستنی دەسەڵاتی پارێزگاكان”.

د. جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لامەركەزیەت بڕگەیەكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمە و ئەم كابینەیە بڕوای بە شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان هەیە، بە جۆرێك لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت.

وتیشی، “لەگەڵ ئەوەداین لامەركەزیەت لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ گفتوگۆ لەبارەی مۆدێلێكی گونجاو بۆ پەیڕەوكردنی لامەركەزیەت”.

جەختیشی كردەوە، دەسەڵاتی پارێزگاكان ڕێكدەخرێت لە پێناوی ئەوەی لە ڕووی پراكتیكیەوە جێبەجێ بكرێت.