سەردێر

فەتح: بەغدا و هەرێم ناگەنە ڕێككەوتن

خەڵك-
هاوپەیمانی فەتج بەدووری دەزانێت كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێن، هۆكاریی ئەمەش بۆ “مامەڵەی سیاسی سەركردە كوردەكان لەگەڵ بودجەدا” دەگێڕێتەوە.

حامید موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح بە میدیاكانی عیراقی ڕاگەیاندووە”بڕیارە لەناكاوەكانی سەركردەكانی هەرێم لەبارەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانیان لەگەڵ بەغدا نەبوونە مایەی شۆك، چونكە هەرچەندە هەولێر لەگەڵ دۆسێ‌ ئابوری و سیاسییەكاندا بەمشێویە مامەڵە بكات و تێكەڵ بە ناكۆكییەكانی تری بكات، ناكرێت چاوەڕوانی گەیشتنبین بە ڕێكەوتن لەنێوان بەغدا و هەولێر”.

بە وتەی موسەوی”هەرێم تا ئەمڕۆ نیازپاكی بۆ ئەو پابەندبوونە دەرنەبڕیوە كە بەڵێنی بە بەغدا داوە، لە هەمان كاتدا دەیەوێت دەستكەوتی دارایی دەستەبەر بكات لە بودجەدا بەبێ‌ ئەوەی ڕاستگۆی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بسەلمێنێت، وەك هاوبەش لە پرۆسەی سیاسی”.

ئەو پەرلەمانتارەی فەتح دەڵێت”ئەمەی ئێستا هەیە، پرۆسەكی بە ئەنقەستە بۆ لەگەڕخستنی بودجەی فیدراڵی و درێژكردنەوەی ماوەی گفتووگۆكان كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئیدارەی وڵات و ژیانی هاووڵاتیان بە بەشێوەیەكی گشتی دروست دەكات”.

موسەوی، داوای لە حكومەتی عیراق كرد”پشت بە دەستور و یاسا ببەستێت بۆ پابەندكردنی سەرپێچیكاران و كۆتایی هێنان بەم تەنگژەی عیراقییەكانی تێدا دەژین كە چاوەڕوانی هاتنەبەری قۆناغێكی نوێ‌ دەكەن لەڕێی بودجەوە، تا ببێتە مایەی گۆڕانكاریی لە هاوكێشەی ئابوری، دوای ئەوەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بووە نسكۆ بۆیان”.