سەردێر

ڕەوتی سەدر بۆ (خەڵك): لەسەر ئەم بنەمایانە سەرۆكایەتی حكومەت وەردەگرین

خەڵك-
ڕەوتی سەدر كە لەلایەن موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدرەوە سیاسەتەكانی ئاراستە دەكرێت، پێیوایە لەسەر چەند بنەمایەك ئامادەن سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو وەربگرن، ئاماژە بە ئامادەكارییەكانی ڕەوتەكەش دەكات بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.

ڕیاز مەسعودی، سەركردە لە ڕەوتی سەدر و پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”نەك هەر هاوپەیمانی سائیرون، هەموو هێزە سیاسییەكان خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادەكردووە لەڕێی بەرنامەی هەڵبژاردن و پێكگەیشتن لەگەڵ شەقام و لەڕێی خستنەڕووی كاندیدەكانی و چوونە نێو هاوپەیمانییەكان”.

بە وتەی مەسعودی:”دیدی ئێمە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، چوونە نێو هاوپەیمانییە و چاوەڕوانی هاوبەشی بەهێًز دەكەین لە هێزە سیاسییەكان، تا بتوانیین حكومەتێكی بەهێز پێكبهێنن كە بتوانێت بەرەنگاریی ڕووبەڕووبوونەوەكان و دۆسێ‌ مەترسیدارەكان ببێتەوە، بۆیە لە ئامادەكارییەكاندا جەخت لەسەر بەنامەی هەڵبژاردن و خستنەڕووی كاندیدی لێوەشاوە و بەتوانا دەكەینەوە كە بتوانن ئەركی بەرپرسیارێتی لەئەستۆبگرن، لە هەمان كاتدا خواستێكی بەهێزمان هەیە بۆ بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە بەهێزەكان، بەو پێیەی ئێمە لەگەڵ هاوبەشییەكی بەهێزداین بۆ بەرهەمهێنانی حكومەت و بەرهەمهێنانی بڕیار، نەك هەر تەنیا بەشداریی”.

ئەو سەركردەی ڕەوتی سەدر، دەستەبەركردنی پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران، لەلایەن سەدرییەكانەوە، وابەستی سێ‌ فاكتەر دەكات كە بە بۆچوونی ئەو”فاكتەری یەكەم، ژمارەی ئەو كورسیانەیە كە دەستەبەری دەكەن، فاكتەری دووەم بەستنی هاوپەیمانییە لەگەڵ ئەو هێزانەی بڕویان بە پرۆژەی ئێمە هەیە و ئێمەش بڕوان بە پرۆژەی ئەوان هەیە، فاكتەری سێیەمیش ئاراستەی نێودەوڵەتییە بە پێكهێنانی حكومەتەكان”.

سەبارەت بە خاڵی سێیەم، ڕیاز مەسعودی وتی:”ئاراستەی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی ئامادەیی هەیە لە پێكهێنانی حكومەتەكان، بۆیە ئێمە دەڵێین، پێویستە ژمارەیەكی باشی كورسی و هاوبەشی بەهێز دەستەبەربكەین، تا ڕۆڵی و كاریگەریی لایەنە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان كەمبكەینەوە و فاكتەری ژمارەی كورسییەكان و هاوبەشەكانی نیشتمان بهێڵینەوە”.