سەردێر

سەركردەیەكی سەدری بۆ (خەڵك): بەبێ‌ كورد بودجە تێناپەڕێنرێت

خەڵك-
سەركردەیەكی ڕەوتی سەدر ڕایدەگەیەنێت، بودجە بەبێ‌ ڕەزامەندی هێزە سیاسییەكان تێناپەڕێنرێت، بە تایبەتیش كورد كە بە هێزێكی سیاسی سەرەكی دادەنرێت.

ڕیاز مەسعودی، سەركردە لە ڕەوتی سەدر و پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەڵك) ڕایگەیاند:”بودجە بەبێ‌ ڕەزامەندی هێزە سیاسییەكان بە گشتی تێناپەڕێنرێت، بە تایبەت هێزە كوردییەكان كە بە هێزێكی سەرەكی لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا دادەنرێن”.

سەبارەت بە كێشەكانی ئێستای بەردەم تێپەڕاندنی بودجەی گشتی فیدراڵی ساڵی 2021 لەلایەن پەرلەمانەوە، ڕیاز مەسعودی ڕایگەیاند:”كێشەی یەكەم ئەوەیە، لیژنەی دارایی دەستكاریی 80%ی ڕەشنوسی پرۆژە یاساكەی حكومەتی كردووە، كێشەی دووەمیش كە بەردەوامە، پەیوەندی بە بڕگەی تایبەت بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە”.

بە بۆچوونی ئەو سەركردەیەی ڕەوتی سەدر”پێویستە هەموو هێزە سیاسییەكان لەسەر تێپەڕاندنی بودجەی دارایی ڕێبكەون كە تائێستا وادەیەك بۆ دانیشتنی پەرلەمان لەو بارەیەوە دیاریی نەكراوە”.

حكومەتی عیراق، لە 6ی كانوونی دووەمی ڕابردووەوە، ڕەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021ی پێشكەش بە پەرلەمان كردووە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان هێزە سیاسییەكان لەسەر پرۆژە یاساكە، تائێستا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندنەكراوە.