سەردێر

وردەكاری كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم و باڵیۆزی ئەمریكا ئاشكراكرا

خەڵك-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق كۆبوونەوە و گفتوگۆیان دەربارەی هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر و گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵ كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە 24ی شوباتی 2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ماتیو توولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد و گفتوگریان دەربارەی دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق و هێرشەكانی سەر هەولێر، دواتر بەلەد و بەغدا كرد و جەخت لە گرنگی و پێویستی هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەردەوامی هاریكاری و پشتگیری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری كرایەوە.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “باڵیۆزی ئەمریكا پابەندی وڵاتەكەی بە بەردەوامی دیالۆگی ستراتیژی ئەمریكی ـ عێراقی دووپاتكردۆتەوە و نێچیرڤان بارزانی دیالۆگی ستراتیژی وەكو چوارچێوەیەكی گرنگ بۆ برەودان بە پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لە قەڵەم دا”.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتیكردەوە، خوازیاری پەیوەندییەكی تەندروست و كاران لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و ئامادەن كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكەن.

دۆخی هەرێمی كوردستان و گرنگیی یەكڕیزیی لایەنەكان، دوایین پێشهاتەكانی بڵاوبوونەی ڤایرسی كۆرۆنا و هەوڵەكان بۆ دابینكردنی ڤاكسین، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هاریكاری نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە، رێككەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، دۆخی دەشتی نەینەوا و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، لە كۆبوونەوەكەدا خرانەونەتە بەر باس.