سلێمانی – نزار جەزا
نزیكەی پێنج هەزار سەگی بێلانە بوونەتە مەترسی لەسەر تەندروستی هاوڵاتییانی سلێمانی و حکومەتى خۆجێی سلێمانیش هیچ پلانێکی بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە نییە.
لەناو پارکی و شوێنە گشتییەکان، لەناو کۆڵانەکان، لەشوێنە چۆڵەکان و ناو خۆڵ و پیسییەکان ڕێژەیەکی زۆر سەگ دەبینرێن، کە هەندێکیان بەهۆی بێخۆراکییەوە دەمرن، یان بەهۆی پیسخۆرییەوە توشی نەخۆشی جۆراوجۆردەبن.
لەساڵانی پێشوو سەگە بێلانەکان لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە دەکوژران، ئەمەش ناڕەزایەتی ئاژەڵدۆستانی لێکەوتەوە، بۆیە لایەنە بەرپرسەکانی حکومەت ئەم هەڵەمەتانەیان ڕاگرت، لەدوای ئەوەشەوە نە ئاژەڵدۆستەکان و نە لایەنە بەرپرسەکانی حکومەت چارەسەری زۆربوونی سەگی بێلانەیان بۆ نەکرا، تاگەیشتە ئەمڕۆ کە ڕێژەکە هێندە زۆربووە، لەهەندێک ناوچە هاوڵاتییان ناوێرن منداڵەکانیان بنێرە دەرەوەی ماڵ.
ئاری سەڵاحەدین بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ماوەى دوو ساڵ زیاترە بەمەبەستی کەمکردنەوەیان هیچ ئاژەڵێک لەلایەن ڤێتەرنەرییەوە نەکوژراوە، بەڵکو لەلایەن شارەوانی و ئاژەڵدۆستانەوە هەوڵێک هەیە، کە شێڵتەرێکیان بۆ دروستبکرێت، دواتریش لەڕووی تەندروستییەوە هەرشتێکیان پێویستبێت هاوکاریانن.
وتیشی: نەک سەگ و پشیلە هەر ئاژەڵێک کە خاوەنی نەبوو و لەسەر شەقام و کۆڵانەکان مایەوە، ئەوە بێگومان زیانی بۆ هاوڵاتییان دەبێت و خۆشیان تووشی نەخۆشی دەبن یان لەبرسان دەمرن، ئەگەر خواردنیان دەستنەکەوێت.
لێرەو لەوێ هەوڵی دروستکردنی شێڵتەری گەورە دەدرێت، بەڵام ئەمە نەبوو بەپڕۆژە و تەنها لەچوارچێوەى قسەدا مایەوە، چونکە ئاژەڵدۆستەکان بەتەنها نەیانتوانی ئیدارەیبدەن و حکومەتى خۆجێی سلێمانیش ئەو ئەرکەی لەئەستۆنەگرت.
سەردەشت ڕەفیق،وتەبێژی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەماوەى ڕابردوودا زەوییەکیان بۆ ڕێکخراوێک دابینکرد، بۆئەوەی بیکەن بەشێڵتەرێکی ئاژەڵان، دوای ئەوانیش ڕێکخراوێکی دیکە هات، بەڵام دواتر نەهاتەوە، لەئێستاشدا هەر کەسیک بیهەوێت شێڵتەرێک بۆ ئاژەڵان دروستبکات، وەک شارەوانی هاوکاریدەبن.
ئێستا لەسلێمانی دوو هەوڵ هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زۆری سەگ، یەکەم نەزۆکیان دەکەن، ئەمەش چارەسەرێکی دوورمەودایە و پێویستی بەهەوڵی زیاتر هەیە، چونکە لەماوەى سێ مانگدا تەنها لەسەدا ٠.٢ی سەگەکان نەزۆک کراون، ئەم ڕێژەیەش کەمە. دووەم شێڵتەرێکیان بۆ دروستدەکەن، بەڵام هەنگاوە کردارییەکانی دروستکردنی شێڵتەرەکە جدی نین و بەرهەمیان دیارنییە.
لاڤین عەبدولوەهاب، ئەندامی بۆردی ڕێکخراوی پاکۆ بۆ پاراستنی ئاژەڵان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، تەنها لەسەنتەری شاری سلێمانی ٤ بۆ ٥ هەزار سەگی بێلانە بوونی هەیە، ئەمە جگە لەتانجەرۆ، ئەم ڕێژەیەش زۆرە و پێویستە چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت، بۆیە ڕێکخراوەکەیان هەستا بەنەزۆککردنی ١٠١ سەگ و حەپی کرمیان پێدان و کوتانیان بۆ کردن و ڕەقەمێکی ڕەنگ زەردیان کردووە بەگوێیانەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ڕێژە سەگەی نەزۆکیان کردوون، کەمە و پێویستە سەگی دیکەش نەزۆک بکرێت، بۆئەوەی ڕێژەیان زیاد نەکات، چونکە ئێستا ڕێژەیەکی زۆر سەگی بێلانە بوونیان هەیە و بەردەوامیش ڕێژەیان زیاددەکات، بۆیە دەبێت سەرەتا هەوڵی نەزۆککردنیان بدرێت، دواتر شێڵتەریان بۆ بکرێتەوە.
بەرپرسانی حکومی لەسلێمانی نەیانتوانیوە ڕێگری لەزیادبوونی سەگە بێلانەکان بکەن، لەئێستاشدا کە زۆربوون، هەنگاوە کردارییەکانیان بۆ ئاراستەى چارەسەری کێشەکە نییە و ئاژەڵدۆستانیش بەرپرسانی حکومی لەسلێمانی بەکەمتەرخەم دەزانن.
ئاوات دەریا بۆ (خەڵک)ی ڕوونکردەوە، لەماوەکانی ڕابردوودا لەڕێکخراوی یەسنا و لەماڵەوەش ڕێژەیەکی زۆر لە گوێدرێژ و ئەسپ و سەگ و پشیلە و ئاژەڵی بێلانەیان چارەسەرکردووە، بەڵام کە لەماڵەوە جێگەنەبێت پێویستە شێڵتەرێک بکەنەوە، بۆئەمەش زەوییەکیان لەلایەن شارەوانییەوە وەرگرت، دواتر وەرگیرایەوە، ئێستاش زەوییەکی دیکەیان وەرگرتووە و چاوەڕێن ڕێکارە ئیدارییەکانی تەواوبێت.
ئاماژەى بەئەوەشدا، بەرنامەی ڕێکخراوەکەیان بۆ چارەسەری ئاژەڵی بێلانە ئەوەیە، کە ئاژەڵە بێلانەکان لەشوێنێک کۆبکەنەوە و نێر و مێ لەیەکتر جیابکەنەوە، بۆئەوەی زیادنەکەن، دواتر خێزان بۆ ئەو ئاژەڵانە بدۆزنەوە.
باسی لەئەوەشکرد، سەگ گڵاو نییە، بەڵکو مرۆڤ تەنها ئاگای لەخۆیەتی و ئاگای لەسەگەکانیش نییە، بۆیە ئەوانیش خواردنی پیس دەخۆن و لەشوێنی پیس دەمێننەوە بۆیە توشی نەخۆشی دەبن.
وتیشی: وادابنێ ڤێتەرنەری سلێمانی نییە، چونکە کارەکانیانی وەک پێویست نییە و نەبوونی باشترە لەبوونی، ناتوانن چارەسەری بەشێک لەنەخۆشییەکان و کێشەکانی ئاژەڵان بکەن، هاوکات بەگشتی حکومەتى هەرێم کەمتەرەخەمە.
زۆربوونی سەگی بێلانە لەناو کوچە و کۆڵانەکان تەنها لەشاری سلێمانی نییە، بەڵکو لەشارەکانی دیکەی هەرێمیش بەهەمانشیوەیە و ئەرکی حکومەتى هەرێم و حکومەتە خۆجێیەکانە چارەسەری ئەم گرفتە بکەن.