سەردێر

لەسەر كەمكردنەوەی پڕۆگرامی پۆلی 12ی ئامادەیی ڕوونكردنەوە دەدرێت

خەڵك-

ئەندامێكی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كۆمەڵێك بابەت هەیە لە پۆلی 12 دەكرێت وەزارەتی پەروەردە ئەگەر بە پێویستی نازانێت كەمیان بكاتەوە.

بەهۆی بارودۆخی كۆرۆنا كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بۆ ئەمساڵی خوێندن دواخرا و بەپێی زانیارییەكانیش تاكو ئێستا وەزارەتی پەروەردە هیچ پڕۆگرامێكی بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی كەم نەكردووەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەو كاتانەی دیاریكراوە بۆ خوێندن كەمەو بەشی تەواوكردنی پڕۆگرامی خوێندن ناكات، ئەمەش لەكاتێكدایە ساڵی ڕابردوو بەشێك لە پڕۆگرامی خوێندنی پۆلی 12 بۆ تاقیكردنەوە گشتییەكان تەرك كران.

بەرهەم موستەفا ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پۆلەكان 1ی بنەڕەتی تاكو 11ی ئامادەیی سێ ڕۆژ بە سێ ڕۆژ دەوام دەكەن و دەكرێت بابەتە گرنگەكان پێش بخرێن، بەڵام بۆ پۆلی 12 لیژنەیەكی شارەزا لە وەزارەتی پەروەردە هەیە، دەكرێت ئەو بابەتانەی گرنگە و پێویستە بخوێنرێت، یاخود كاتەكان درێژ بكرێتەوە ئەوان لێی بەرپرسن.

وتیشی”ئێمە مەبەستمانە پۆلی دوانزە سەركەوتن بەدەست بهێنێت لە ڕووی ئاستی زانسییتەوە، وەكو ئەوەشی دەستمان وەردابێت لە كەمكردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن، هیچ پێشنیارێكمان بۆ ئەو بابەتە نییە”.

ڕوونیشیكردەوە، ئەوەی كێشەی بەردەم وەزارەتی پەروەردە بێت، ترسە لە كۆرۆنای گۆڕاو، هیوادارین تەشەنە نەسێنێت و ئەو ڤاكسینەی بڕیارە مانگی سێ بگاتە هەرێم ترسەكان كەم بكاتەوە، پێموانییە كێشە بۆ پۆلی 12ەكان بێتەپێشەوە.