سەردێر

بۆ داخستنی دەرگاكانیان، داوا دەكرێت دەسەڵات بدرێتە زانكۆكان

خەڵك-

سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاودا، واباشترە دەسەڵات بدرێت بە زانكۆكان بەشێوەیەكی سەربەخۆ بڕیاربدەن لەسەر بەردەوام بوون یان ڕاگرتنی خوێندن.

د.مەهاباد كامیل سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە بە ئانادۆڵی ڕاگەیاند، ئێمە لەو زانكۆیانە بووین كە بۆ یەكەمجار سەرجەم بەشە ناوخۆییەكانمان بەڕووی خۆێندكاراندا كردەوە و دەوامی ئاساییمان دەستپێكردەوە، ئەمە ژینگەیەكی وای بۆ خوێندكار خوڵقاند كە بەئاسانی بتوانێت بەردەوام بێت لە خوێندن، بۆیە دەتوانم بڵێم كە زانكۆی هەڵەبجە دوانەكەوتووە و هەموو قۆناغەكانی خوێندنی بڕیوە و بەپێی ئەو ساڵنامەیەی كە دیاریی كرابوو، پڕۆسەی خوێندن بەڕێوەدەچێت.

وتیشی”لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاودا واباشترە دەسەڵات بدرێت بە زانكۆكان كە بەشێوەیەكی سەربەخۆ بڕیاربدەن لەسەر ڕاگرتن، یان ئاوێتەكردن و بەردەوام بوون لە خوێندن، چونكە پێشتر بینرا هەر شارە و تایبەتمەندی خۆی هەبوو لەكاتی بڵاوبوونەوەی پەتاكەدا و لە هەندێك شوێن هەندێك كات زۆرتر بوو لەكاتێكدا لە شوێنێكی تر هیچ حاڵەتی تیادا تۆمار نەكرابوو”.