سەردێر

“كاریگەری و مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆناى گۆڕاومان لەسەرە”

وەك ڕێزێك بۆ ئەو پزیشك و فەرمانبەرانەی بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستدا 39 نەمان ڕوێنران

خەڵك-ئارام سەردار

وەك وەفایەك بۆ گیانلەدەستدانی ٣٧ پزیشك و كارمەند و فەرمانبەری كەرتی تەندروستی ٣٩ نەمامی وەفا بۆ گیانی ئەو پزیشك و كارمەندە تەندروستییانەی بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە چێندرا.

ئاسۆ شكاك سەرۆكی ڕێكخراوی ئاڤیاری ژینگەیی ڕایگەیاند، ئەوان گیانی خۆیان بەخشی لەپێناو سەلامەتی تەندروستی هەمووان، ئێمەش نەمامی وەفا بۆ گیانیان دەچێنین، چونكە بەختكردنی ژیانیان لەپێناوی تەندروستی ئێمەبووە، تاوەكو ژینگەی كوردستان خاوێن بێت.

لای خۆشیەوە د. دلۆڤان محمەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند، بەداخەوە لەماوەی ساڵی ڕابردوووو بەهۆی كۆڕۆنا لە سنووری پارێزگای هەولێر ٣٧ پزیشك و كارمەندی تەندروستی و فەرمانبەر بەهۆی ڤایرۆسەكە گیانیان لە دەستداوە.

دەشڵێت، بەهۆی بوونی ڤایرۆسەكە و تۆماركردنی ڤایرۆسی گۆڕاویش هێشتا كاریگەری و مەترسی لەسەرمان هەیە و داوا لە هاووڵاتیان دەكەین خۆیان بپارێزن و بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕێكارەكانی خۆپارێزی بكەن و پابەند بن.