سەردێر

“هاتنی شەپۆلێكی دیكەی كۆرۆنا، نكوڵی لێناكرێت”

خەڵك-

جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، تائێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی هیچ حاڵەتێكی پشتڕاستكراوەی كۆرۆنای گۆڕاومان تۆمار نەكردووە.

د.هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، ڕۆژانە حاڵەتی پۆزەتیڤ هەیە لەسنووری پارێزگای سلێمانی، ئامارەكانیش گۆڕانكارییەكی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیووە لەزیادبوونی ژمارەی تووشبووان، بەڵام لەنزیكەوە چاودێری بارودۆخەكە دەكەین، ئەو جۆرە پشكنینەی بۆ كۆرۆنای گۆڕاو بەكاردێت دوێنێ بەدەستمان گەیشتووە ئیتر چ حاڵەتێكی گوماناوی هەبێت دەتوانیین پشكنینی بۆ بكەین.

وتیشی”پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی دیكەی كۆرۆنا، شتێكە نكوڵی لێناكرێت، ئەوەی ئێستا هەیە لەخواروو و ناوەڕاستی عێراق بووە بەئەمری واقیع و ڤایرۆسەكە هەیە، لەبەرئەوە ئێمە نەمانتوانیوە هاتوچۆی نێوان وڵاتانی دەوروبەری خۆمان و خواروو و ناوەڕاستی عێراق بەشێوەیەكی یەكلایی قەدەغە بكەین لەبەرئەوە ئەگەرێكی زۆر هەیە كەڤایرۆسەكە بێت”.

ئاشكراشیكرد، كۆنتاكتێكی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ ئێران هەیە هەتا ئێستاش خەڵك لەئێرانەوە دێت ژمارەی تووشبووان لەئێرانەوە لەبارەی ئامارەكانی سلێمانییەوە دەتوانم بڵێم پۆزەتیڤەكانی سلێمانی ژمارەیەكی بەرچاویان لە ئێرانەوە دێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان لەبەرئەوە ئەمە پێشبینی كراوە، دەكرا ئیجرائات یەكەم شت لەگەڵ خاڵە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەو بازگە وشكانییەكاندا بكرایە بۆئەوەی بتوانیین ئێمە پێش هاتنی كۆرۆنا تازە گۆڕدراوەكە بەر لەو شەپۆلە بگرین.

سەبارەت بە ئەگەری ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی گشتی لە هەرێم، ناوبراو ڕایگەیاند، لەئێستادا هیچ ئەگەرێك نییە بۆ كەرەنتینەكردن، بەڵام ئەگەر پەرەسەندنەكان زۆر بەشێوەیەكی خەست و لەژێر كۆنتڕۆڵدا نەما، ئەوا ئێمە نیین كە بڕیاری كەرەنتینە و قەدەغەی هاتوچۆ دەدەین، ئەوە ئەركی وەزارەتی ناوخۆیە یاخود لیژنەی ئۆپراسیۆنی دژەكۆرۆنا لەشارەكاندا كە ئەم ئیجرائەتانە بگرنەبەر.

ئاشكراشیكرد، پابەندبوون بەكەرەنتینە كردن لەلایەن هاووڵاتیانەوە شتێكی سەختە، چونكە بارودۆخی ئابوری هەرێمی كوردستان هەم هاووڵاتیان دابەشبوون بەسەر دووبەرەدا، ئێمەش وەكو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی نەچوینەتە ناو ئەو گۆڕەپانی ململانێ كە لەناو ئەو دووبەرەی هاووڵاتیاندایە، بەشێكیان ئەوانەن باوەڕیان بەوە هەیە كەرەنتینە بكرێت بەباوەڕی ئێمە كەمینەیەكن، ئەوانەشی كەنكۆڵی لەوە دەكەن مەسەلەی خۆپارێزی بەشێوەی قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتینە نەكەن ئەوە زۆرینەی خەڵكەكەن.