سەردێر

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم چەند پرسێك تاوتوێ دەكات

ئەمڕۆ پێدانی مۆڵەتی خوێندن دەنگی لەسەر دەدرێت

خەڵك-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆدەبێتەوە.

فەرمانگەی میدیاو زانیاری هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە 24-2-2021 بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، كۆبونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێك كۆدەبێتەوە.

ئاشكراشیكرد، لە تەوەری یەكەمدا دوا پێشهاتەكانی پڕۆژە بودجەكانی فیدڕاڵ و هەرێم بۆ ساڵی 2021 دەخرێتەڕوون هەروەها لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا پێشنووسی هەمواركراوی یاساكانی (یەكێتی ژوورەكانی بازرگانی و پێشەسازی، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و یاسای بازرگانی)، پێشنووسی پڕۆژە پەیڕەوی پێدانی هاوبەشیكردنی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكرێت.

ڕوونیشیكردەوە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران دەنگ لەسەر پڕۆژە پەیڕەوی پێدانی مۆڵەتی خوێندن و پێشنووسی پڕۆژە یاسای وەزارەتی كارەبا دەدرێت.