سەردێر

كازمی: لە ئۆپراسیۆنە پێشوەختەكان بەردەوام دەبین

سەرۆك وەزیرانی عیراق، ڕایدەگەیەنێت: دانانی سنوورێك بۆ ئەو نەوە نوێیە مەترسیدارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پەیوەستە بەئاستی پابەندبوونی هاووڵاتیان بە كەرەنتینەوە و لە ئۆپراسیۆنەكانیشمان دژی داعش بەردەوام دەبین.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ، مستەفا كازمی لەمیانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ئاماژەی بەوەداوە: پابەندبوونی هاووڵاتیان بەكەرەنتینەی تەندروستی بەرز دەنرخێنین، هەروەها هەوڵەكانی ئەو دامەزراوە و دامودەزگا دەوڵەتییانەش بەرز دەنرخێنن كە هاوكار بوون بۆ جێبەجێكردنی كەرەنتینەكە.

كازمی ئەوەشی خستووەتەڕوو: هەڵكشانی ئاستی پابەندبوونەكە وا دەكات سنوورێك بۆ لێكەوتەكانی ئەو جۆرە نوێیە دابنرێت كە زۆر مەترسیدارترە لە پەتاكەی تر.

سەرۆك وەزیرانی عیراق سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش وتوویەتی: بۆ لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش، ئۆپراسیۆنە پێشوەختەكان بەردەوام دەبێت و دەستخۆشیشی لەسەرجەم هێزە ئەمنیی و سەربازییەكان كرد كە شەو و ڕۆژ بەدوای شانە تیرۆریستەكانەوەن.

مستەفا كازمی دووپاتیشیكردووەتەوە، خاكی عیراق نابێتە مەیدانی یەكلاكردنەوەی ململانێیەكان و مووشەكەكان كە مەبەستییانە بەربەست لەبەردەم پێشكەوتنی حكومەتدا دروست بكەن، بەڵام هێزە ئەمنییەكان دەستیان دەگاتە سەرجەم تاوانباران و پیشاندانیان بۆ ڕای گشتی.

خەڵك – بەشی هەواڵ