سەردێر

پارێزگای هەولێر ژمارەیەك بڕیار دەربارەی كۆرۆنا دەدات

خەڵك-ئارام سەردار
بڕیارە سبەی چوار شەممە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢١ ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر كۆببێتەوە و بڕیاری پێویستی لەبارەی گرتنەبەری ڕێكارە تەندروستیەكان بۆ خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا دەبێت.

بەپێی دواین ڕاگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ سێ شەمە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢١، ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆڕۆنا لەهەولێر (٧١) كەس بوو، بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو ژمارەی تووشبووان لەبەرزبوونەوەدایە، بەتایبەت لەدوو ڕۆژی ڕابردوو ڤایرۆسی كۆڕۆنای گۆڕاو لەهەولێر تۆماركراوە.

تایبەت لەسەر پرسی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی كۆڕۆنا و كۆڕۆنای گۆڕاو سبەی چوار شەممە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢١ ژووری ئۆپەڕاسیۆنی پارێزگای هەولێر كۆدەبێتەوە و بڕیاری پێویستی دەبێت.

دوێنێ دوو شەممە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی كۆڕۆنا كۆبوونەوە، بڕیاردرا پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بێت، دەسەڵاتیش دراوەتە ژووری ئۆپەڕاسیۆنی پارێزگاكان بڕیاری پێویست لە ڕێكخستنەوە و سنورداركردنی هاتووچۆ لەبازگەكانی نێوان هەرێم و پارێزگاكانی عیراق بدات، هەروەها ڕێكارە خۆپارێزیەكانیش تووندتر بكات بەتایبەت لەدام و دەزگاكان و شوێنە گشتیەكان، بەوەی سەرجەم هاووڵاتیان پابەندی بەستنی دەمامك و دووری كۆمەڵایەتی بكەن، فەرمانبەرانیش پابەند بكرێن بەجێبەجێ كردنی ڕێكارە خۆپارێزییەكان.