سەردێر

چەند بڕیارێك دەبارەی پێوەری ئاوی ماڵان دەدرێت

خەڵك-
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ قائیمقامەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو و كۆمپانیاكانی پێوەری ئاو كۆبووەوە و بڕیاردرا كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ وەزیری شارەوانی ئەنجام بدرێت و سكرتێری ئەنجوومەنەكەش دەڵێت: “هەموو كەسێك پێوەری ئاوی بەلاوە باشە و سیستمی پێشكەوتووی جیهانییە، بۆیە بڕیارمانداوە كێشەكانی پێوەرەكان چارەسەر بكرێن و چەند بڕیارێكی دیكەش دراوە”.

مەهدی مەحمود، سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگا لەگەڵ نزیكەی 10 قائیمقام و بەڕێوەبەرانی ئاوی سلێمانی و دەورووبەر و كۆمپانیاكانی پێوەری ئاو و كۆكردنەوەی پارەی ئاو كۆبوونەوە سەبارەت بە كێشە و گرفتەكانی پێوەری ئاو.

ڕاشیگەیاند، لە ساڵانی پەنجا و شەستەكانەوە پێوەری ئاو لە شارەكانی هەرێم هەبووە، بەڵام ئێستا لە ساڵی 2021دا كاتێك باسی پێوەری ئاو دەكرێت خەڵك بەلایەوە ناخۆشە و ڕەتی دەكاتەوە، لەكاتێكدا پێوەری ئاو یاسایی و شەرعی و مەنتقییە بۆ هەژماركردنی ئاوی بەكارهاتوو، چونكە لە ڕابردوودا بەپێی ڕووبەری بینا پارە وەردەگیرا لەكاتێكدا ئەوەی خانووەكەی 100 مەترە مەرج نیە كەمتر ئاو بەكاربهێنێت لەوەی خانووەكەی 200 مەترە.

وتیشی، “ئەمڕۆ باسمان لە كێشەی پێوەرەكانی ئاو كرد، چونكە كەس دژایەتی خودی پێوەری ئاو ناكات، بەڵكو كێشەكە ئەوەیە پێوەرەكان هەڵەیان خوێندۆتەوە و هەوایان خوێندۆتەوە و كوالێتییان لاوازە، بۆیە بڕیاردراوە ئەو كێشانە چاك بكرێن لە پێوەرەكە هەروەها ئەوەی پارەی زۆری بۆ هاتۆتەوە چاك بكرێت”.

سكرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی پارەی زۆری بۆ هاتۆتەوە پارەكەی لێ‌ وەرنەگیراوە، بەڵكو پێوەرەكەی بۆ چاك دەكرێت و تا چاككردنیشی هەر بە ڕووبەری خانووەكەی پارەی بۆ هەژمار كراوە.

ڕوونیشی كردەوە، گەیشتینە ئەو بڕیارەی، سەرۆكی ئەنجوومەن كۆبوونەوەیەكی فراوان ڕێكبخات بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی لەگەڵ قائیمقامەكان و بەڕێوەبەرانی ئاو و كۆمپانیاكانی پێوەر و كۆكردنەوەی پارەی ئاو تاوەكو خراپی كوالێتی پێوەرەكان و كێشەكان چارەسەر بكرێن و پێوەری باش بۆ هەموو ماڵێك دابین بكرێت.

مەهدی مەحمود وتی، “ئەوەی خەڵكی نیگەران كردووە نەبوونی مووچە و پارەیە، كە وای لە خەڵك كردووە بۆ هەموو پارەدانێك بێزار دەبێت، لەكاتێكدا پێوەر بۆ كارەبا و مۆلیدە هەیە و خەڵك كێشەی نییە، چونكە بەپێی پێوەرەكە پارەی لەسەر هەژمار دەكرێت، بۆیە دەبێت ئاویش هەر بەپێی پێوەر پارەی وەربگیرێت و كێشەكانی چارەسەر بكرێت، چونكە ئاویش تێچوو و خەرجی هەیە”.

ئاشكراشی كرد، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی باسی ئەوەی كردووە، كە نزیكەی 28 ملیار دیناریان لای هاووڵاتیانە، كە پارەی ئاویان نەداوە و هەروەها ئاوی دەرەوەی سلێمانیش نزیكەی 8 ملیار دیناریان لای خەڵكە.

جەختیشی كردەوە، بڕیاردراوە ئەو كۆمپانیایانە مەشق بە بژمێر (عەداد)ەكانیان بكەن و گرێبەستیان هەبێت و خەڵكی شارەزا دابنێن، چونكە بەشێكیان هەڵەیان خوێندۆتەوە، هەروەها دەبێت وەرشە هەبێت بۆ چاككردنەوەی پێوەرەكان و پسووڵەی پارەی ئاو بگۆڕدرێت و هەوەها بەستنی پێوەرەكان بەشێوەیەكی باش و بەكوالێتی بێت.