سەردێر

هۆكارەكانی دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە ئاشكرا دەبێت

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، جگە لە بڕگەی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان، چەند بڕگەیەكی تر هەن لە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021 كە هەندێك لە فراكسیۆنە گەورەكانی پەرلەمانی عیراق تێبینییان لەبارەوە هەیە.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند:”هەر تەنیا بڕگەی تایبەت بە پشكی هەرێمی كوردستان نییە كە بۆتە مایەی لەگەڕخستنی تێپەڕاندنی بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە، بەڵكو هەندێك بڕگەی تر هەن لە پرۆژە یاساكەدا كە جێگەی تێبینی هەندێك لە فراكسیۆنە گەورەكانی پەرلەمانن”.

بە وتەی شیروان میرزا:”شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی، گفتووگۆی تێروتەسەلی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەكان كرد، لەو چوارچێوەیەشدا شاندەكە چاوەڕوانی وەڵامی لایەنە شیعەكان بوو، بەڵام تائێستا ئەو لایەنانە وەڵامییان نەداوەتەوە”.

پێشتر لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، نوسراوێكی لە 15ی شوباتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزكردۆتەوە و تێیدا ئاماژەی بە تەواوكردنی ڕەشنوسی نیمچە كۆتایی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 كردووە، تاكە خاڵی هەڵپەسێردراویش دەقی تایبەت بە پابەندبوونی هەرێمی كوردستانە كە وردەكارییەكەی لە ماددەی 11ی پرۆژە یاساكەدا باسكراوە.