سەردێر

سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا بۆ كاتێكی نادیار دواخرا

خەڵك-
سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە میدیاكانی نزیك لە پارتی ديموكراتى كوردستان ڕاگەیاند، سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لەپێناو دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاریی زياتر لەبارەی هۆكاریی دواختستنەكەوە بخاتەڕوو.

وابڕیار بوو لەماوەی چەند كاتژمێری داهاتوودا شاندی حكومەتی هەرێم گەشتێكی تری دانوستان لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021 دەستپێبكات لە بەغدا، بەڵام سەردانی شاندەكە دواخرا.

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە، (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە فارس سدیق، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق، بەڵام پەیوەندییەكان بێ‌ وەڵام بوون.

هەر ئەمڕۆ لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، نوسراوێكی لە 15ی شوباتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزكردۆتەوە و تێیدا ئاماژەی بە تەواوكردنی ڕەشنوسی نیمچە كۆتایی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 كردووە و تاكە خاڵی هەڵپەسێردراویش دەقی تایبەت بە پابەندبوونی هەرێمی كوردستانە، كە وردەكارییەكەی لە ماددەی 11ی پرۆژە یاساكەدا باسكراوە.