سەردێر

حكومەتی هەرێم بودجەی پارێزگاكانی بۆ 2021 دیاریكرد

خەڵك-
سەرۆكاییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسی ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێم كۆبووەوە و بڕیاری پەسەندكردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانی بۆ ساڵی 2021 دەركرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێ شەممە 2021/2/23 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت بەشێوەی ڤیدیۆ كۆنفڕانس لەگەڵ پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “گفتوگۆ دەربارەی كێشە و گرفتە كارگێڕی و داراییەكانی پارێزگاكان و پلانی حكومەت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ ساڵی 2021 كرا”.

سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بەوەدا، كە حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵێكی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، كە ئەركێكی لە پێشینەی حكومەتە.

وتیشی، “لە گفتوگۆكانمان بەردەوامین لە گەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ دابینكردنی شایستە دراییەكانی هەرێمی كوردستان، لە هەمانكاتدا و بەو داهاتەی بەردەستە، لە چوارچێوەی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021، درێژە بە ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دەدرێت لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان” .

پلانی حكومەتی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی پەرەپێدانی پارێزگاكان و ئەو پڕۆژانەی وەزارەتەكان لە پارێزگاكان ئەنجامی دەدەن لە سێكتەرەكانی (شارەوانی، كارەبا، تەندروستی، كشتوكاڵ، پەروەردە و ڕێگاوبان) بۆ ساڵی 2021 پەسەند كران، كە بە داهاتی بەردەستی حكومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت و كۆی گشتی كوژمەكە، 349 ملیار و 702 ملیۆن دینارە.

خشتەی پارەی تەرخانكراوە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان:

یەكەم/ پارێزگای سلێمانی: 114 ملیار و 350 ملیۆن دینار.
دووەم/ پارێزگای هەڵەبجە: 30 ملیار دینار.
سێیەم/ پارێزگای هەولێر: 128 ملیار و 352 ملیۆن دینار.
چوارەم/ پارێزگای دهۆك: 77 ملیار دینار.