سەردێر

١٠١ سەگ لەسلێمانی نەزۆككران

سلێمانی – نزار جەزا
لەسەنتەری شاری سلێمانی نزیكی٤ بۆ ٥ هەزار سەگی بێلانە هەیە، كە بەردەوام ڕوولەزیادبوونن، ڕێكخراوێكیش بەمەبەستی كەمكردنەوەی ڕێژەی سەگەكان، لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ١٠١ سەگی نەزۆك كردووە.

لاڤین عەبدولوەهاب، ئەندامی بۆردی ڕێكخراوی پاكۆ بۆ پاراستنی ئاژەڵان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەماوەی سێ مانگدا ڕێكخراوەكەیان توانیویەتی ١٠١ سەگ لەناو شاری سلێمانی نەزۆك بكات و حەبی كرمیان پێدەن و كوتانیان بۆ بكەن.

ئەوەشی باسكرد، ئەو سەگانەی كوتانیان بۆ كردوون، ڕەقەمێكی ڕەنگ زەرد بەگوێیانەوە هەیە، بۆئەوەی بناسرێنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ڕێژە سەگەی نەزۆكیان كردوون، كەمە و پێویستە سەگی دیكەش نەزۆك بكرێت، بۆئەوەی ڕێژەیان زیاد نەكات، چونكە ئێستا ڕێژەیەكی زۆر سەگی بێلانە بوونیان هەیە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، تەنها لەناو شاری سلێمانی جگە لەتانجەرۆ، نزیكی ٤ بۆ ٥ هەزار سەگ هەیە، كەبەردەوامیش ڕوو لەزیادبوونن، بۆیە دەبێت سەرەتا هەوڵی نەزۆككردنیان بدرێت، دواتر شێڵتەریان بۆ بكرێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە ڕۆژانە سەگی بێلانە لەناو پاركە گشتییەكان و كۆڵانەكاندا سەگی بێلانە دەبینرێن، ئەمەش دڵەڕاوكێی لای بەشێك لەهاوڵاتییان دروستكردووە.