سەردێر

سێهەمین فێستیڤالێ بەهار ئەنجامدەدرێت

سلێمانی – نزار جەزا

سێهەمین فێستیڤالێ بەهار بۆ فرۆشتنی بەرهەمە جیاوازەكان لەشاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

سەهەند عەلی ڕاوێژكاری بازرگانی لەكۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیل، بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیارە لەسەرەتای مانگی چواردا سێهەمین فێستیڤاڵی بەهار لەپێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوەبچێت.

ئاماژەی بەئەوەشدا، فێستیڤاڵەكە ماوەی ١٠ ڕۆژ دەخایەنێت، كە هەموو جۆرە بازرگانییەك تێیدا جێگەی دەبێتەوە و خاوەنكار و كۆمپانیاكان دەتوانن لەئێستاوە پەیوەندییان پێوەبكەن، بەمەبەستی بەدەستهێنانی شوێنێك بۆ نمایشی بەرهەمەكانیانی.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم فێستیڤاڵە لەبەیانی كاتژمێر ١٠ تاكو كاتژمێر شەشی ئێوارە كراوەدەبێت.

ئاشكراشیكرد، هەموو خاوەنكار و كۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەكییەكان دەتوانن بەشداری بكەن، كە ٢٠٠ شوێنیان بۆ دابینكراوە.

باسی لەئەوەشكرد، ئەم فێستیڤاڵە فێستیڤاڵی فرۆشتنە، بۆیە هەر كەسێك بیەوێت بەرهەمەكەی بفرۆشێت دەتوانێت بەشداری بكات.

سازدانی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە و دروستكردنی بازاڕێكی بچوك، كە كۆمەڵێك بەرهەمی جۆراوجۆری تێدایە، دەرفەتێكی باشە بۆ خاوەنكارەكان كە بەرهەمەكانیان بناسێنن و بیانفرۆشن.

ئەمە لەكاتێكدایە ساڵانە لەشاری سلێمانی ژمارەیەك فێستیڤاڵی جۆراوجۆری فرۆشتن ئەنجامدەدرێن، كە تێیدا فرۆشیاران بەرهەمەكانیان دەفرۆشن و هاووڵاتییانیش بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی تێدەكەن.