سەردێر

” پێویستە تۆمارێكی پاكی دەنگدەران دروست بكرێت”

 

خەڵك-ئارام سەردار

سەرۆكی ئینستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان ڕایگەیاند پێویستە ژمارەی ئەندامانی كۆمسیۆنیش بۆ ٥ ئەندام كەم بكرێتەوە و تۆمارێكی پاكی دەنگدەران دروست بكرێت.

ئینستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان (PAY) بە هاوكاری سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتی دیموكراسی (NED)، پێنجەمین ڕاپۆرتی تایبەت بە (ڕەوشی دەستە سەربەخۆكان لە هەرێمی كوردستان) بڵاوكردەوە.

سەروەر عەبدولرەحمان، سەرۆكی ئینستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، دروستكردنی دەستە سەربەخۆكان بۆ كۆمەڵێك ئامانج بووە، بەڵام مەرج نیە لەماوەی ڕابردوو لەكارەكانیان سەركەوتووبووبن، ئامانجیش لێیان سەربەخۆبوونیان بووە لەدەسەڵاتەكانی تر و دووربون لە بەرژەوەندی لایەنە سیاسیەكان.

دەشڵێت، لاوازی پەڕلەمان كاریگەری نەرێنی و خراپی لەپڕۆسەی چاودێری و بەدواداچوون لەسەر دامەزراوەكان هەبووە وەك دەستەی مافی مرۆڤ و دیوانی چاودێری و دەستپاكی و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، كارەكانیان وەك پێویست بەڕێوەناچێت و پەڕلەمان پێشێلی یاسای ئەو دەستە سەربەخۆیانەی كردووە، ماوەی سەرۆكایەتی دەستەكان و ئەنجوومەنەكانیان بەسەرچووە بەنایاسایی كارەكان ڕایی دەكەن.

باس لەوەشدەكات، دەستەكان لەلایەن حزبەكانەوە بەپشكپشكێنە فەرمانبەرەكانیان دادەمەزرێن، حكومەتیش لەجێگای دیوانی چاودێری پرسی وردبینی داهاتی نەوتی خستۆتە دەست كۆمپانیای دیلیۆیت كەئەمەش دەرخەری ئەوەیە یان متمانەیان بەدەستەكان نییە یان نایانەوێت نهێنی گرێبەستەكانیان بكەوێتە دەست، لەكاتێكدا سەرۆك و ئەندامانی ئەو دەستانە پشكپشكێنەی حزبن، ئەمە وێڕای ئەوەی دووكۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەیە كە بارگرانی دارایی دروست كردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە لەزوترین كات یاسای دەستەی مافی مرۆڤ و دیوانی چاودێری و دەستەی دەسپاكی و كۆمسیۆن هەموار بكرێتەوە و سەرۆكێكی نوێ دابنرێت و كەم و كوڕیەكانیان چارەسەر بكرێن و بوودجەی سەربەخۆیان بۆ دابین بكرێت، لەهەمان كاتدا ڕاپۆرتەكانی چاودێری دارایی كاریان پێبكرێت و ژمارەی ئەندامانی كۆمسیۆنیش بۆ ٥ ئەندام كەم بكرێتەوە و تۆمارێكی پاكی دەنگدەران دروست بكرێت.

No description available.