سەردێر

ئەمڕۆ شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەكاتەوە

پێشنیاری نوێی شیعەكان بۆ ڕێكەوتنی لەگەڵ هەرێم چییە؟

 

خەڵك-

بەپێی زانیارییەكان، ئەمڕۆ سێ شەممە 23-2-2021 شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە بۆ پرسی بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق دەگەڕێتەوە بەغدا.

جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەپێی یاسا، هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ دەنگدان و تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجە.
وتیشی”لە ئەگەری دوادەكەوتنی یاسای بودجە، كار بە لە 12%ی بودجەی ساڵی ڕابردوو دەكرێت”.

بەپێی زانیارییەكان، لایەنە شیعەكان پێشنیارێكی نوێیان هەیە بۆ ڕێكەوتن لەگەڵ هەرێم، كە بریتییە لە پێدانی نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەكان و داهاتی ناوخۆ و بڕی ٤٣٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بدریت بە سۆمۆ.

لایەنە شیعییەكان ئاماژەیان بۆ ئەوەش كردووە، سۆمۆ كاری فرۆشتن و بە بازاڕگرتنی نەوتی هەرێم لە ئەستۆ بگرێت و پێویستییەكانی هەرێم لە ناوخۆ و تێچووی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەریم بە نەوتی بدرێتەوە بە هەرێمی كوردستان، لە بەرامبەردا ١٢.٦٧٪‏ لە بودجەی گشتی عێراق ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆبووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) بەرپرسانی هەرێم گلەییان لەوە كردووە كە لایەنە شیعییەكان ڕێگرن و نایانەوێت ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا سەربگرێت، چاودێرانیش پێیانوایە، سەردانەكەی حەكیم، كاریگەری لەسەر ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت.

پێشتر شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بڕیارە كۆتایی ئەم هەفتەیە دەنگ بە پڕۆژە یاسای بودجە بدرێت و گەشبینیشین هەرێم و بەغدا بگەنە ڕێكەوتن.