سەردێر

قاسم شەشۆ: لە شەنگال، شەڕی ئێران و توركیا دروست دەبێت

خەڵك-

فەرماندەی هێزی ئێزیدخان لەشەنگال ڕایدەگەیەنێت، چەند ڕۆژێكە حەشدی شەعبی هێزێكی زۆری هێناوەتە ناو شەنگال و دەڵێن بۆشەڕی توركیایە، وەك دەزانرێت هێزی حەشدی شەعبی هێزی ئێرانە، بۆیە ئەگەر توركیا هێرش بكاتەسەر شەنگال دەبێتە شەڕی نێوان ئێران و توركیا ئێمەش دەبینە قوربانی.

قاسم شەشۆ فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگەی شەنگال بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، لە حاڵەتی هێرشی توركیا بۆسەر شەنگال، تەنها بەرگری لەخۆمان دەكەین، ئەگەرنا ئێمە نەشەڕی توركیا دەكەین نەشەڕی عێراق، تەنها بەرگری لەخۆمان و ناوچەی خۆمان دەكەین.

وتیشی”بەهۆكاری پارتێكی سیاسی و حەشدی شەعبی ئەگەری دروستبوونی شەڕ هەیە لەشەنگالدا”.

ئاشكراشیكرد، خەڵكی شەنگال لەئێستادا ئاسودە نین و دەترسن جارێكی تر بكوژرێنەوە و ئاوارە بكرێنەوە، هەرچەندە خۆیان ئەوانەی گەڕاونەتەوە دووبارە واخەریكە شەنگال جارێكی تر چۆڵ دەكەنەوە و ڕادەكەن، چونكە خەڵك مەترسی زۆرە.

سەبارەت بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا قاسم شەشۆ ڕایگەیاند، پەكەكە لە شەنگال ماون و ژمارەیان زۆرتر بووە، ئەو ڕێكەوتنەش هەرگیز جێبەجێ نەبووە، پەكەكە و حەشدی شەعبی دەڵێن ئێمە لە شەنگال دەرناچین هەم شەڕی پێشمەرگە دەكەین و هەم شەڕی حكومەتی توركیاش دەكەین ئەگەرهاتن.

جەختی لەوەش كردەوە، هیواداربووین ئەو ڕێككەوتنەی شەنگال لەنێوان حكومەتی عێراقی و حكومەتی هەرێم جێبەجێبكرێت، بەڵام حەشدی شەعبی و حزبە شیعییەكان ناهێڵن.

باسی لەوەش كرد، ڕوودانی هەر شەڕێك خراپە بۆ شەنگال، ئەگەر شەڕ ڕووبدات مەبەستی ئەوان بۆ ئەوەیە شەنگال وێران بێت و چۆڵ بكرێت و خەڵكەی ئاوارە بێت ئەوە ئامانجی ئەوانە.