سەردێر

كەعبی: یاسای ڕیشەكێشكردنی بەعس جێبەجێ‌ بكرێت

جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوا لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری دەكات، لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا یاساكانی ڕیشەكێشكردنی بەعس بەسەر پاڵێوراواندا جێبەجێ‌ بكرێت.


نووسینگەی ڕاگەیاندنی حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كەعبی سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی فراوانی گرنگی كرد لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی دەستەی ڕیشەكێشكردنی بەعس (لێپرسینەوە و دادپەروەری) و بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری پارتەكان لەكۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان و بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەئەندامانی لیژنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق (شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، یاسایی، مافەكانی مرۆڤ، هۆزەكان و لێپرسینەوە و پێكهاتنەوە)، بۆ كاراكردنەوەی یاسای قەدەغەكردنی حزبی بەعس و چالاكردنەوەی ڕێكارەكان و ئەركەكانی دامەزراوە پەیوەندیدارەكان.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژەبەوەدراوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر كۆمەڵێك ڕاسپاردە دراوە، لەوانە، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو هەڵاوێردانەی كە بە بەعسییەكان درابوون لەناو وەزارەتەكان و لایەنە فەرمییەكان و یەكێتی و سەندیكاكاندا، تا دەگاتە بچوكترین كارمەندی دەوڵەت، وێڕای ئەوەش، داوا لەلیژنەی دارایی كرا بڕگەیەك لەناو پڕۆژەی بودجەی ساڵی 2021دا جێگیر بكات و بەپێی ئەو بڕگەیە مووچەی خانەنشینی سەرجەم دامودەزگا داپڵۆسێنەكان و پیاوانی ڕژێمی لەناوچووی پێشوو هەڵبوەشێنرێتەوە، دووپاتیشی كردەوە كەپێویستە پرسی گەڕاندنەوەی ئەو پارە بەقاچاغبراوانە كارا بكرێتەوە كە هی بەرپرسان و پیاوانی ڕژێمی پێشووی لەناوچوو بوون و براونەتەوە دەرەوەی وڵات.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، كەعبی سەرجەم وەزارەت و پارێزگا و دەستە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی بەنووسراوی فەرمی ئاگادار كردووەتەوە كە لەماوەی 14 ڕۆژدا لیستی ئەو ناوانەیان بۆ بنێرن كە یاسای ڕیشەكێشكردنی بەعس دەیانگرێتەوە و هۆشداریشی داوە كە نابێت كەمتەرخی لەجێبەجێكردنی بڕگەكانی یاسای قەدەغەكردن و بەتاوان ناساندنی بەعس و سەرجەم یاساكانی دادپەروەری سەردەمی ڕاگوزەردا بكرێت.

جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەشی خستووەتەڕوو: بەمزووانە پەرلەمان لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەئامادەبوونی داوكاری گشتی كۆدەبێتەوە و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەدا دەكرێت كە سەرپێچی لەبەندەكانی یاسای قەدەغەكردنی حزبی بەعس دەكەن، داواشی لەسەرجەم دامودەزگاكانی ڕاگەیاندن كرد پابەندبن بە دەقی ئەو یاسایانە كە ڕێگری دەكات لە پیاهەڵدان و گەورەكردنی بەعس، وێڕای ئەوە پێویستە هەڵمەتێك یاخود كۆنگرەیەك بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی ڕاگەیاندن ئەنجام بدرێت بۆ ناساندنی تاوانە وەحشیەگەرانەكانی بەعس دەرهەق بەگەلانی عیراق.

خەڵك – بەشی هەواڵ