قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ ئارشاك مانوكیان، كونسوڵی گشتی ئەرمینیا لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و چەند پڕۆژەیەكی هاوبەشیان تاووتوێ كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەمڕۆ 22/2/2021 كە لە هەولێر بەڕێوەچوو، هەردوولا باسیان لە چەند پڕۆژەیەكی هاوبەشی زانستی و كلتوری كرد، لەوانەش واژۆكردنی یاداشتی لێكگەیشتن لەنێوان دامەزراوە زانستییەكانی ئەرمینیا و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بۆ گۆڕینەوەی ئەزموون و پسپۆڕی.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدان و فراوانكردنی مۆزەخانەی جینۆسایدی هەڵەبجە كرا، بەتایبەت كە ئەرمینیا ئامادەیی دەربڕیوە هاوكاربێت لەو پڕۆژەیە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان ئەرمینیا و هەرێمی كوردستان، لەم میانەیەشدا جێگری سەرۆك وەزیران ستایشی پێشنیاری ئەرمینیای كرد بۆ ڕەوانەكردنی پزیشكی پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی چاو بەبێ بەرامبەر بۆ بینینی و چارەسەركردنی نەخۆش لە هەرێمی كوردستان.
خەڵك – بەشی هەواڵ