سەردێر

فەرمانگە فیدڕاڵیەكان مووچەیان بێ لێبڕین وەرگرت و دەوام دەستپێدەكاتەوە

خەڵك-
فەرمانبەران و كارمەندانی فەرمانگە فیدڕاڵییەكانی هەرێم مووچەی مانگی یەك-ی ئەمساڵیان وەرگرت و دەوامیان دەستپێدەكاتەوە و بە (نائامادەیی) مامەڵەی كارتی نیشتمانی بۆ هاووڵاتیان دەكرێت.

سەرچاوەیەك لە ڕەگەزنامەی عیراق بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ فەرمانبەران و كارمەندانی فەرمانگە فیدڕاڵییەكان (ڕەگەزنامە، پاسپۆرت، نشینگە، كارتی نیشتمانی) مووچەی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵیان وەرگرت.

ڕاشیگەیاند، لە سبەینێوە سێ شەممە دەوامی فەرمی لە فەرمانگە فیدڕاڵییەكان دەستپێدەكاتەوە و كۆتایی بە بایكۆت دەهێنرێت.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد، بە فەرمانی بەڕێوەبەری گشتی ڕەگەزنامەی عێراق لەمەودوا مامەڵەی كارتی نیشتمانی بۆ هەموو كەسێك دەكرێت بەشێوەی نائامادەیی (عدم حضور) و پێدانی سورە قەیدی ئەلیكترۆنی.

روونیشی كردەوە، لە رایی كردنی مامەڵەی كارتی نیشتمانی بە نائامادەیی پەنجەمۆر و گلێنەی چاوی كەسەكە وەرناگیرێت و مامەڵەی كەسەكە داخڵی سیستمەكە دەكرێت ئەمەش بەهۆی دۆخی كۆرۆناوە لە عێراق و هەرێم، بۆیە هەر كاتێك دۆخەكە ئاسایی بووەوە ئەوكات ئاگاداری هاووڵاتیان دەكرێت بۆ تەواوكردنی ئەو ڕێكارانەش.