خەڵك-بەشی هەواڵ
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پێداچوونەوە بە نەخشە و ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان دەكات.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی شوباتی 2021 بە چاودێریی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە شاری هەولێر كۆبوونەوەیەك لەبارەی پەرەپێدان و گرنگیدان بە پلانسازی و نەخشەسازی و رۆڵی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە رێكخستنەوە و پەرەپێدانی شار و شارۆچكەكان ئەنجامدرا .
لە كۆبوونەوەكەدا كێشە كارگێڕییەكان و تێكەڵبوونی دەسەڵاتەكانی نەخشەدانانی ئاوەدانی و لایەنەكان و هەروەها كێشەی جێبەجێكردن و هۆكارەكانی گۆڕینی بەكارهێنان و رەگەزی زەوی و چەند پرسێكی دیكە گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتووگوزار ڕایگەیاند،
كاتێك باس لە پلانسازیی شار و نەخشەدانانی ئاوەدانی دەكەین، مەبەستمانە دوو لە گرنگترین توخمەكانی پێكهێنەری نیشتمان لەبەرچاو بگرین كە ئەوانیش خاك و مرۆڤن، پلانسازی و نەخشەدانانمان لە دەوری ئەو دوو توخمە دەسووڕێتەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی ئاماژەی بەوەشكرد، رۆڵی نەخشەساز و پلانسازان بە ئەندازەیەك گرنگە كە زانست و هونەر و تەكنیك و دیدگە تێكەڵاوی یەكتری دەكەن و ئاسۆكانی ژیانی دواڕۆژ لە شار و و شارۆچكە و كۆمەڵگەكان دادەڕێژن.
وتیشی: گرنگیەكی تری نەخشەدانان و پلانسازی بەشداری راستەوخۆیە لە پرۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی، كە پرۆسەیەكی بەردەوام و درێژخایەنە.