سەردێر

دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەدرێت

خەڵك-

ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لە خاڵی كۆتایی نزیك بووتەوە و بەپێی پێشبینی پەڕلەمانتارانی كورد لە بەغدا گەشبینن بە ڕێكەوتن و لە كۆتایی ئەم هەفتەشدا دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە دەدرێت.

بەپێی زانیارییەكان، بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكاتەوە، ئەمەش كۆتا سەردانی شاندەكە دەبێت بە مەبەستی ڕێككەوتن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تاكو ئێستا شاندەكەی هەرێم كۆبوونەوەی باشیان ئەنجام داوە و وەڵامەكان ئەرێنین و ئەم هەفتەیە پشكی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بوجەی عێراق یەكلایی دەبێتەوە.

وتیشی”هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجە، بەڵام چاوەڕێ دەكەین كۆتایی ئەم هەفتەیە دەنگی لەسەر بدرێت”.