سەردێر

بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی گەندەڵی، دادگایەك پێكدەهێنرێت

خەڵك-

دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەنجومەنی دادوەری بڕیاری پێكهێنانی دادگایەك بەناوی دادگای تاوانەكانی بەرەنگاربوونەوە گەندەڵی لە كوردستان داوە.

دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەسەر داوای دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان و بە نووسراوی ژمارە (1/135) لە 1/12/2020، ئەنجوومەنی دادوەری، بە فەرمانی ژمارە 1/1/117 لە 18/2/2021، بڕیاریاندا بە پێكهێنانی دادگایەكی تاوان بۆ دادگاییكردنی سەرجەم تۆمەتبارانی تاوانەكانی گەندەڵی بەناوی (دادگای تاوانەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی) لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و تایبەتمەند دەبێت بە بینینی كەیسەكانی گەندەڵی.

ئاشكراشیدەكات، ئێمە لە دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان، دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی دادوەری دەكەین و پێمانوایە ئەو هەنگاوە كاریگەرییەكی زۆر باشی دەبێت لەسەر بەرەوپێشبردن و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و خێراكردنی یەكلاكردنەوەی كەیسەكان لە دادگا.