سەردێر

یەكێتی مامۆستایان لەسەر پڕۆسەی خوێندن ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-

ئەندامێكی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی خوێندن ڕازین.

كەمتر لە مانگێك پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووەتەوە، بەڵام بەهۆی زیادبوونی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێم، سبەینێ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم كۆدەبێتەوە بڕیاری پێویست لەو بارەوە دەدات، هاوكات لە بەدواداچوونێكی (تۆڕی میدیایی خەڵك)دا و بەهۆی نادیاری پڕۆسەی خوێندن و مەترسییەكانی كۆرۆنا، دڵەڕاوكێیەكی زۆر لەنێوان خوێندكاران بڵاوبووەتەوە و كاریگەری لەسەر پڕۆسەی خوێندنیان دروست كردووە.

بەرهەم موستەفا ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئێمەش چاوەڕێ دەكەین بزانین سبەینێ لیژنەی باڵای كۆرۆنا بڕیاری چی دەدرێت، هەموو شتەكان وەستاوەتەسەر ئەوە.

وتیشی”تاكو ئێستا خوێندنگەكانی هەرێم هیچ كێشەیەكان نییە و خوێندن بە ڕێكوپێكی دەڕوات و مامۆستایان و خوێندكاران كەوتوونەتەسەر سكەی خۆیان، وەكو یەكێتی مامۆستایانیش لەگەڵ وەستانی خوێندندا نین، ئەگەر لە ڕووی تەندروستییەوە مەترسیەكان زیاتر نەبێت.

سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی خوێندنی ئەلیكترۆنی، ناوبراو ئاشكراشیكرد، ئومێد دەكەین خوێندن بەم شێوەیەی ئێستا و بە باشتر بەردەوام بێت، بەڵام لە ڕابردوودا لەگەڵ خوێندنی ئەلیكترۆنی نەبووین، چونكە لە وڵاتانی پێشكەوتوو گرفتیان بۆ دێتە پێش، ئێستا ئێمە هیچكات لەوان باشتر نین، پشتگیری ئەمجۆرە خوێندنەین ئەگەر نەشتوانرێت دەوام بەردەوام بێت وەكو یەكێتی مامۆستایان پڕۆژەی خۆمان دەبێت.