سەردێر

ئەمڕۆ، بڕیار لە داهاتووی پڕۆسەی خوێندن دەدرێت

خەڵك-بەشی هەواڵ

وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كاتژمێر ٢:٣٠ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوە كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی وەزارتی تەندروستی بڕیاری پێویست دەدات لەبارەی پڕۆسەی خوێندن و قەدەغەی هاتوچۆ.

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تائێستا هیچ بڕیارێك نیە بۆ قەدەغەی هاتووچۆ و كەرەنتین كردن، بەڵكو بڕیارەكان لەچوارچێوەی هەڵسەنگاندنی وەزارتی تەندروستی دەبێت.

وتیشی”لە كۆبوونەوەی هاوبەش لەگەڵ بەغدا پێمانووتون لەگەڵ بڕیاری داخستنی كەمپەكان نین بەبڕیاری سیاسی، ئێمەش بڕیارمان نەداوە خەڵك ئاوارە بێت، بەڵام ناشكرێت خەڵك بگەڕێتەوە ناوچەیەك ئاسایشی ناوچەكە نەبێت، بڕیاری داخستنی كەمپەكانیش ئەوەی لێكەوتەوە، خەڵكێكی زۆر ڕوو لە كەمپەكانی هەرێم دەكەن، هەر كەسێكیش ئارەزوومەندانە بیەوێت بگەڕێتەوە ناوچەكانیان ئاسانكاریان بۆ دەكەین”.

ئەوەشی خسەڕوو، نزیكەی یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئاوارە و پەنابەر گەڕاونەتەوە و زیاتر لە نیوملیۆن ئاوارەش ماون، كەچی بەغدا و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هیچ هاوكارییەكی پێویستی ئێمەی نەكردووە و سەڕەڕای قەیرانی دارایی لە ٧٠٪ خەرجی و پێداویستیەكانی ئاوار و كەمپەكان لەسەر هەرێمی كوردستان بووە، بەشێكی كەم لەلایەن بەغداد و نەتەوە یەكگرتوەكان هاوكاری كراوین، بۆیەدەبێت ئەوان سوپاسی هەرێم بكەن كە باوەشی بۆ ئاوارەكان كردەوە و لێشی پەشیمان نین چونكە باوڕەمان بەپێكەوە ژیان هەیە.