سەردێر

“كێشەكان تەنها دارایی نین”

خەڵك-
وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان رایگەیاند، كێشەكانی نێوان عێراق و هەرێم تەنیا پەیوەست نین بە داراییەوە بەڵكو پەیوەستە بە هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تریش وەك جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و نەوت و غاز و پێشمەرگە و كێشەكانی تر.

عەبدوڵڵاى حاجی مەحمود وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، عێراق بەدەست چەندین كێشەوە دەناڵێنێت و پێویستە پێداچوونەوەیەكی جددی بە سیستمی سیاسیی و حوكمڕانی بكرێت و ڕێز لە خواست و ماف و داوا ڕەواكانی پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق و لە نێویشیاندا گەلی كوردستان بگیرێت لەسەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی پرەنسیپەكانی هاوسەنگی و شەراكەت و سازان.

دەشڵێت، كێشەكان تەنیا پەیوەست نین بە موچە و بودجە و كێشەی داراییەوە بەڵكو پێویستە هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تریش وەك جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و نەوت و غاز و پێشمەرگە و كێشەكانی تر، بە شێوەیەكی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەربكەین.

ئەوەشی وتووە، هەرێمی كوردستان وەك چۆن لە سەردەمی رژێمی دیكتاتۆری پێشوو پەناگەیەكی ئارام بوو بۆ هێز و لایەنە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكانی عێراق ئێستاش بە هەمان شێوە باوەشی گەرمی بۆ سەدان هەزار ئاوارەی پارێزگاكانی عێراق كردووەتەوە و بەردەوامیش دەبێت لە خزمەتكردنیان تا ئەوكاتەی بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە شوێنەكانیان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەرێمی كوردستان هەمیشە فاكتەرێكی سەقامگیریی بووە لە عێراقدا، بۆیە پێویستە لایەنە عێراقییەكان هەڵوێستێكی دۆستانەیان بەرامبەر ماف و شایستە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان هەبێت، چونكە بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان بەهێزبوونی هەموو عێراقە.