سەردێر

نێچیرڤان بارزانی؛ ئامادەین گفتوگۆی راشکاوانە لەگەڵ عێراق بكەین

خەڵك-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، بۆئەوەی زەمینەی توندڕەوی لەعێراقدا نەمێنێت و جارێكی دیكە وڵات تووشی وێرانكاری داعش نەبێتەوە، پێویستە هەموو لایەك بگەڕێینەوە بۆ دەستووری عێراق و هەموو ناوچەكان مافی بەڕێوەبردنی خۆیان هەبێت.

نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمیانی بەریوەچوونی مەراسیمی ڕۆژی شەهیدانی نیشتمان لە هەولێر وتاریكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، كێشەی سەرەكی عێراق لەسەرەتای دامەزراندنییەوە نەبوونی شەراكەت و هاوبەشی بووە لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق دا لە بەڕێوەبردنی عێراقدا، لەبەرئەوەش عێراق لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بەبێ كێشە نەبووە، دەخوازین پەیوەندییەكانمان پتەوبكەینەوە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن لەنێوانماندا هەبێت و ئێمە ئامادەین، دەمانەوێت لەو لێكتێگەیشتنەدا، برایانی سوننەش بەشداربن چونكە پێكهاتەیەكی سەرەكی عێراقن.

وتیشی ،”لەدوای شەڕی داعش بارودۆخێك لەنێوان هەولێر و بەغدا دروست بووە، كە بەدڵی ئێمە نییە، دڵنیام بەدڵی ماڵی شیعە و لایەنەكانی دیكەش نییە، ئامادەی گفتوگۆیەكی جیدین لە گەڵ لایەنەكانی عیراق”.

ڕاشبگەیاند، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆیەكی جیددی راشکاوانە بكەین بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی عێراق، لێرەشەوە لەو یادە پیرۆزەدا ئەو بانگەوازە ئاراستەی هەموو لایەنە عێراقییەكان دەكەین كە دەستپێبكەین.

ئاشكراشیكرد، بۆئەوەی زەمینەی توندڕەوی لە عێراقدا نەمێنێت و عیراق جارێكی دیكە تووشی وێرانكاری داعش نەبێتەوە ، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ دەستووری عێراق و هەموو ناوچەكان مافی بەڕێوەبردنی خۆیان هەبێت .

باسی لەوەشكرد، سەقامگیری و پێشكەوتن و ئاوەدانی هەرێمی كوردستان دەبێ مایەی دڵخۆشی بێت بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق، چونكە ئێمە بەشێكین لە عێراق و ئەو پێشكەوتنەی هەرێمی كوردستان پێشكەوتنی بەشێكی عێراقە و بۆ هەموو عێراقییەكانە.