سەردێر

دوو وەزیری عیراق و هەرێم لەسەر مووچەی فەرمانبەران كۆبوونەوە

خەڵك-
هەردوو وەزیری كشتوكاڵی هەرێم و عیراق سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەردوو وەزارەتەكە و مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان كۆبوونەوە.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ 21/2/2021 لەگەڵ شاندێكی باڵای وەزارەتمان پێشوازیمان كرد لە وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق و شاندێكی یاوەری و دوانیوەڕۆ لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆدەبینەوە.

ڕاشیگەیاندووە، ئەم سەردانەی وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، لەمیانی ئەم بانگهێشتنامە فەرمیە بوو، كە لە ماوەی ڕابردوودا شاندێكی باڵای وەزارەتمان سەردانی بەغدامان كردبوو.

بێگەرد تاڵەبانی دەشڵێت: “لە سەردانی پێشوماندا لە درافتێكی تایبەتدا كێشە و داواكاریەكانی وەزارەتمان پێشكەشكردبوو، بەتایبەتی دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانمان لە بەنداوەكان و تایبەتمەندی بەنداوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان”.

لای خۆشیەوە، ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێم بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكردووە، تا ئێستا گرفتی دابەشنەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە چارەسەر نەكراوە و وەكو خۆی ماوەتەوە و لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ڕاگیراوە.

ڕاشیگەیاند، حكومەتی عیراق ناردنی مووچەكەی بەستۆتەوە بە ڕێككەوتن و گفتوگۆكانی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا و لە دەرگای زۆربەی بەرپرسانمان داوە و تا ئێستا چارەسەر نەكراوە.

كۆی فەرمانبەرانی بەنداوەكان، كە مووچەیان خراوەتە سەر عیراق نزیكەی 420 فەرمانبەرە و كۆی مووچەكە 370 ملیۆن دینارە و تا ئێستا 4 مووچەیان وەرنەگرتووە نەدراوە.

May be an image of one or more people, people standing and suit