سەردێر

دەربارەی جۆری نوێی كۆرۆنا بڕیاری نوێ‌ بۆ فەرمانبەران و هاووڵاتیان دەرچوو

خەڵك-
وەزیری تەندروستی عیراق ئاشكرای دەكات، كە جۆری نوێی كۆرۆنا بڵاوبۆتەوە و هۆشداریشی داوە لە پابەندبوون بە ڕێكارەكانی خۆپارێزییەوە و دەشڵێت: “بڕیار دراوە سەرجەم فەرمانبەران و كارمەندان و هاووڵاتیان پابەندی بەستنی ماسك بكرێن و تیمە پزیشكییەكانیش دەست دەكەن بە غەرامەكردن.

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عیراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كە هەڵكشانی بەرچاو لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و جۆری نوێ (گۆڕاو)ی كۆرۆنا بەدی دەكرێت بەجۆرێك لە ئێستادا ژمارەی ئەوانەی دەخرێنە نەخۆشخانە هەزار و 596 كەسە لەكاتێكدا پێشتر 700 كەس بووە و هەروەها ئەوانەی حاڵەتەكانیان مەترسیدارە لە 123 حاڵەتەوە بەرزبۆتەوە بۆ 316 حاڵەت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرجەم پێداویستییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دابین كراوە و پێویستە سەرجەم فەرمانبەران لە كەرتی گشتی و كارمەندانی كەرتی تایبەت پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و بەستنی دەمامك بن.

ڕاشیگەیاندووە، پێویستە فەرمانبەران و هاووڵاتیان پابەەندی بڕیارەكانی لیژنەی بالای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی بن و بۆ ئەوەش بڕیاردراوە تیمی پزیشكی دادەبەزنە ناو شەقام و بازاڕ و شوێنە بازرگانی و فەرمانگەكان و هەر كەسێك پابەند نەبێت سزای دارایی دەدرێت.

ماوەی چەند ڕۆژێكە ژمارەی تووشبوون بە جۆری نوێی كۆرۆنا لە عیراق ڕاگەیەنراوە و بەهۆیەوە ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لە ڕۆژانەی 500 كەسەوە بۆ زیاتر لە 4 هەزار كەس بەرزبۆتەوە و ژمارەی مردنیش هەڵكشاوە، هاوكات لە هەریچمی كوردستان 5 حاڵەتی تووشبوون بەو جۆرە نوێیەی كۆرۆنا تۆماركراوە.

لای خۆشیەوە، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم لە پەیامێكدا ڕایگەیاند، ژمارە و ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە، حاڵەتەكانی گومانلێكراو بە تووشبوون بە زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا دڵنیاكرایەوە كە بوونی هەیە و ڕۆژانە ئەم جۆرە ڤایرۆسە نوێیە دەستنیشان دەكرێت و گواستنەوەی خێراترە.

وتیشی”تكایە ئاگاداری خۆتان و منداڵەكانتان بن، هەموومان پێكەوە دەتوانین دۆخەكە تێپەڕێنین، پابەندبوونی هاووڵاتیان ڕێكاری سەرەكی كەمكردنەوەی ترسناكییە.”