سەردێر

داوا دەكرێت، سنوورێك بۆ بێڕێزیكردن بە زمانی كوردی دابنرێت

خەڵك-

ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومەت و دامەزراوەكانی زۆر كەمتەرخەمن بەرانبەر زمانی كوردی و تا ئێستاش تەنانەت بەشێك لە ڕێنماییەكانی بە زمانی عەرەبین.

عومەر گوڵپی ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، فەرامۆشكردن و هێندێكجار بێڕێزی‌ بە زمانی‌ كوردی‌ گەیشتووەتە لوتكە، لە هەموو ئاستێك و لە هەموو بوارێكدایە، بەشێكی زۆری سەرچاوەكەی فەرامۆشكردن و بێڕێزییەكەش‌ خۆ بە بچوك زانین‌ و لاوازییەكە كە لە دەروونەوە سەرچاوەی‌ گرتووە، لای‌ كەسانێك كە بە تەواوەی‌ ڕووخاون بەرانبەر بەو داگیركارییە ڕۆشنبیرییەی‌ كە ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی‌ گەلانی‌ دونیای‌ كردووەتەوە، خراپی‌ سیستم‌ و حكومڕانیش تەواوكاری‌ ئەو ڕووخانە دەروونییەیە‌.

وتیشی”لە هەرێمی‌ كوردستان یاسای‌ زمانە فەرمییەكانمان هەیە، بە پێی‌ ئەو یاسایە دەبێت هەموو چالاكییەك، نووسینێك، نووسراوێك، تابلۆیەك، ڕیكلامێك، قسەكردنێك، یاسایەك، ڕێنماییەك، بڕیارێك، پەروەردەیەك، بە زمانی‌ كوردی‌ بێت، پاشان ڕێگە دراوە بە زمانەكانی‌ تریش بێت”‌.

جەختی لەوەش كردەوە، زۆرجار پێشێلكارییەكان بە ئامادەبوونی‌ كەسی‌ یەكەمی‌ حكومەتن، كە خۆی‌ دەبێت پارێزەری‌ زمانی‌ كوردی‌ بێت‌و وەزارەتەكانی‌ پلان‌ و بەرنامەیان هەبێت بۆ دانانی‌ سنورێك بۆ ئەم بێڕێزییە بە زمانی‌ كوردی‌‌و هاووڵاتی‌ كوردستانی‌، كە تەنها لە سنووری‌ بێڕێزیدا ناوەستێتەوە، بەڵكو دەگاتە ئاستی‌ پەراوێزخستن و فەرامۆشكردنی‌ زمانەكە لەلایەن دامەزراوە جۆراو جۆرە حكومی و ناحكومییەكانەوە لە (هەرێمی كوردستان).
ڕوونیشیكردەوە، بە نووسراوی‌ ژمارە (١٧) لە ٨ی‌ ١١ی‌ ٢٠٢٠، داوامكردووە، لە ڕێگەی‌ لیژنەی‌ ڕۆشنبیرییەوە، پەڕلەمانی‌ كوردستان ئەم بابەتە گفتوگۆ بكات‌و سنورێك بۆ ئەم پیشێلكارییانە دابنێت، سەرۆكایەتی پەڕلەمانیش بە نووسراوی ژمارە (ك/ ١٨٧٥) لە بەرواری (١٠ی ١١ی ٢٠٢٠) نووسراوەكەی ئاڕاستەی لیژنەی ڕۆشنبیریی كردووە، ئەوەی‌ بزانم لیژنەكە لیژنەی‌ لاوەكی‌ پێكهێناوە بۆ ئەم بابەتە، بەڵام نازانم كارەكانی‌ لیژنە لاوەكییەكە بە كوێ گەیشتووە، ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە بەردەوام بێت، چەند ساڵێكی‌ تر دەبینین پەرۆشانی‌ زمانی‌ كوردی‌‌و هەڵگرانی‌ خەمی‌ نیشتیمان، خۆپیشاندان ساز دەكەن بۆ ئەو پەراوێزخستنەی‌ كە ئێستا هەیەو ڕاگرتنی‌ ئەو پیشێلكارییانەی‌ دەرهەق بە زمانە جوانەكەمان دەكرێت لەلایەن حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانەوە!.

دەقی‌ ناوەڕۆكی‌ ئەو یاداشتەی ئاراستەی پەڕلەمان كراوە..
بە پێی‌ بەدواداچوونەكانم، بە پێچەوانەی‌ دەق و حوكمەكانی‌ یاسای‌ زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی‌ كوردستان، ژمارە(٦)ی‌ ساڵی‌(٢٠١٤)، دام و دەزگاكانی‌ حكومەت كەمتەرخەمن لە پابەندبوون بە پاراستن و كاركردن و مامەڵەكردن لەگەڵ زمانی‌ كوردی‌ وەك زمانی‌ سەرەكی‌ لە هەرێمی‌ كوردستان، و بەردەوام چەندین پێشێلكاری‌ بەرانبەر زمانەكەمان ئەنجام دەدرێت، بەمجۆرە:
١ـ دەركردنی‌ (پەیڕەو)و (بڕیار)و (ڕێنمایی‌) بە تەنها بە زمانی‌ عەرەبی‌ لەلایەن ئەنجومەنی‌ وەزیران و وەزارەتەكان و دەستەكانەوە، نمونەی‌ ئەم سەرپێچییەش هاوپێچ كراون كە پێشێلكردنی‌ ماددەكانی‌ (٤ و٥)ی‌ یاسای‌ زمانە فەرمییەكانە.
٢ـ نووسینەوەو دەركردنی‌ زۆرێك لە دەقی‌ بڕیارەكان لە دادگاكان تەنها بە زمانی‌ عەرەبی‌، ئەمەش پێچەوانەی‌ ماددەی‌ (٦)ی‌ یاسا زمانە فەرمییەكانە.
٣ـ فەرامۆشكردنی‌ زمانی‌ كوردی‌ لەسەر تابلۆی‌ بازاڕو شوێنەكانی‌ كار (بچوك و گەورە)و شوێنە گەشت و گوزارییەكان، ئەم سەرپێچییەش زیاتر لە شارە گەورەكانی‌ هەولێرو سلێمانی‌ و دهۆك بەدیدەكرێت، لە هاوپێچدا ژمارەیەك وێنە هەن كە ئەم ڕاستییە ڕووندەكەنەوە، ئەمەش پێچەوانەی‌ بڕگەی‌ (یەكەم) لە ماددەی‌ (١٠)یەمی‌ یاساكەیە.
٤ـ هەڵەی‌ زمانەوانی‌ و چاپ لە (پەیڕەو، ڕێنمایی‌، بڕیار، نووسراو)ەوەكانی‌ وەزارەت و دام و دەزگاكانی‌ حكومەت.
٥ـ خراپی‌ لە قسەكردن و دەربڕین و ئاخاوتنی‌ هێندێك لە وەزیرو بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ و كاربەدەستی‌ حكومەت، بەجۆرێك كە هەریەكە لەو بەڕێزانە وەك ئەوەی‌ زمانی‌ كوردی‌ لایان زمانی‌ دووەم بێت نەوەك یەكەم.
٦ـ بەكارنەهێنان و فەرامۆشكردنی‌ زمانی‌ كوردی‌ لەلایەن بەشێكی‌ زۆر لە خوێندنگەو قوتابخانە و زانكۆو پەیمانگا ناحكومییەكانەوە، ئەمەش پێچەوانەی‌ ماددەی‌ (١٣)ی‌ یاساكەیە.
٧ـ لە كاتی‌ ڕیكلام بۆ هەلی‌ كارو پڕكردنەوەی‌ پۆستەكان، لە بری‌ گرنگیدان و پیشخستنی‌ باشتر بۆ ئەوانەی‌ زمانی‌ كوردی‌ باشتر دەزانن، بە پێچەوانەوە هەلی‌ پێشینەی‌ كار بۆ ئەوانەیە كە زمانی‌ بیانی‌ دەزانن، ئەمەش پێچەوانەی‌ ماددەی‌ (١٥)ی‌ یاسای‌ زمانە فەرمییەكانە.
هەربۆیە داوا لە بەڕێزتان دەكەم لیژنەی‌ (ڕۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان) ڕاسپێرن بۆ بەدواداچوونی‌ ئەم كێشەو سەرپێچیانەو لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی‌ چارەسەرو پابەندكردنی‌ حكومەت و دامەزراوەكانی‌ بە جێ بەجێكردنی‌ دەق و حوكمەكانی‌ یاسای‌ زمانە فەرمییەكان لە هەرێمی‌ كوردستان و پاراستنی‌ زمانی‌ كوردی‌ لە هەرێمەكەماندا.