سەردێر

لابردنی سفرەكانی دینار كارەسات دروستدەكات

خەڵك-

سەرۆكی ڕێكخراوی گەشەپێدانی ئابووری كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئامادەكاری نەكراوە بۆ لابردنی سفری سەر دراوی عێراقی.

لەبارەی بەردەوامی هەوڵەكان و ئەو بیرۆكانەی دەخرێنەڕوو بۆ لابردنی سێ سفری سەر دیناری عێراقی، پسپۆڕێكی ئابووری ئاشكرایدەكات، گرتنەبەری هەنگاوێكی لەو جۆرە بە تەواوی بەهای دیناری عێراق تووشی هەرەس و داتەپین دەكات.

راسم عگێدی پسپۆری ئابووری بە ماڵپەڕی (بەغداد الیوم)ی ڕاگەیاند، لابردنی سفرەكانی سەر دراوی عێراق لەو دۆخەی ئێستا كە وڵات ناجێگیرە و ئابوورییەكەشی لە تەنگژە و هەرەسدایە، كارەساتی یەكجار گەورەی لێدەكەوێتەوە.

وتیشی”دەركردن و جێبەجێكردنی بڕیارێكی لەم چەشنە، پێویستی بە هەنگاوی ووردی پێشوەختەیە، بە تایبەت كە پارەی نەختینە بڕی زۆری لە ژێر دەستی حكومەت نییە و خۆدی حكومەت گرفتی سیولەی هەیە، بەڵام پێویستە بەر لەوەی بڕیاری لابردنی سێ سفرەكە بدرێت، گەورەترین بڕی دیناری نەختینە بكەوێتە ژێر دەستی حكومەتەوە، بۆ ئەوەی هەڵئاوسانی دراو دروست نەبێت”.

ڕوونیشیكردەوە، ئەگەر زۆرترین بڕی دراو لە ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەت و بانكی ناوەندی نەبێت، ئەوا ئەستەمە بتوانێ بەسەر نرخی دینار بەرانبەر بە دراوە بیانییەكان بە گشتی و دۆلار زاڵ ببێت، كاتێك نرخی ئاڵوگۆڕی دراویش لە ژێر دەستی حكومەت دەربچێت، ئەوا بەهای دینار دابەزینی گەورە بەخۆیەوە دەبینێتەوە و وڵاتەكە لە هەرەسی یەكجارەكی نزیك دەبێتەوە.

لای خۆشییەوە حوسام بەرزنجی سەرۆكی ڕێكخراوی گەشەپێدانی ئابووری كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لابردنی سفر بۆ بەهێزكردنی دراوە، بەڵام دەبێت زەمینەیەكی ئابووری هەبێت كە پشتگیری ئەوە بكات سفرەكان وەك خۆی لێنەیەتەوە.

وتیشی”هەندێك وڵات ئەو كارەیان كرد و دراوەكەیان دابەزی و هیچ چارەسەرێكیان بۆ دەستەبەر نەبوو، بۆ دراوی عێراقیش تاكو ئێستا شتێكیتی فەڕمی نییە باسی ئەو سفرانە بكات و ئامادەكارییشی بۆ نەكراوە”.