سەردێر

تەندروستی لەسەر كۆرۆنای گۆڕاو ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-

بریكاری وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەری قەدغەكردنی هاتوچۆ لە ئارادا نییە.

ڕەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، كۆرۆنای گۆڕاو خێراتر بڵاودەبێتەوە و زیاتر كاریگەری لەسەر تەمەنی خوار 30 ساڵ دەبێت.
وتیشی”نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا بوونیان هەیە و پێویست ناكات نەخۆشخانەی دیكەی بۆ تایبەت بكەین”.

ئاشكراشیكرد، ئەگەری قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێم بوونی نییە و لیژنەی باڵای ڕووبەڕوبوونەوەی كۆرۆناش بڕیاری نوێی و پێویست دەدەن.

هاوكات ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان پێنج تووشبووی كۆرۆنای گۆڕاو لە سنووری هەولێر تۆمار كران.

بەپێی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان، پێنج گومانلێكراوی تووشبوو بە كۆرۆنای گۆڕاو لە هەولێر پشكنینەكانیان پۆزەتیڤ دەرچووە و دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاون.
لای خۆیەوە ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێنج تووشبووی كۆرۆنای گۆڕاو لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون.

ئەمە لەكاتێكدایە، لە سنووری پارێزگای سلێمانیش لە ئیدارەی گەرمیان باس لە بوونی ژمارەیەك لە گومانلێكراو دەكرێت كە سەرجەمیان لە خانەی بەساڵاچوانن.

بەپێی زانیارییەكان، سبەینێ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم كۆدەبێتەوە و لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن بە دۆخی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدرێت.

كۆرۆنای گۆڕاو لە هەفتەی ڕابردووەوە لە عێراق تۆمار كراوە و ڕێژەی تووشبووانی كۆرۆنا بۆ دوو هێندە زیاتر بەرز بووەتەوە، هاوكات وەزارەتی تەندروستی هەرێم هۆشداری گەیشتنی ئەو ڤایرۆسە گۆڕاوەی بە هەرێمی كوردستان داوە، لای خۆشیەوە حكومەتی ئێران هەردوو خاڵی سنووری پەروێزخان و حاجی ئۆمەرانی بەڕووی گەشتیاران داخست.