سەردێر

لە هەرێم 5 تووشبووی كۆرۆنای گۆڕاو تۆمار كران

خەڵك-

لە هەرێمی كوردستان پێنج تووشبووی كۆرۆنای گۆڕاو لە سنووری هەولێر تۆمار كران.

بەپێی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان، پێنج گومانلێكراوی تووشبوو بە كۆرۆنای گۆڕاو لە هەولێر پشكنینەكانیان پۆزەتیڤ دەرچووە و دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاون.
لای خۆیەوە ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێنج تووشبووی كۆرۆنای گۆڕاو لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون.

ئەمە لەكاتێكدایە، لە سنووری پارێزگای سلێمانیش لە ئیدارەی گەرمیان باس لە بوونی ژمارەیەك لە گومانلێكراو دەكرێت كە سەرجەمیان لە خانەی بەساڵاچوانن.

بەپێی زانیارییەكان، سبەینێ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم كۆدەبێتەوە و لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن بە دۆخی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدرێت.

كۆرۆنای گۆڕاو لە هەفتەی ڕابردووەوە لە عێراق تۆمار كراوە و ڕێژەی تووشبووانی كۆرۆنا بۆ دوو هێندە زیاتر بەرز بووەتەوە، هاوكات وەزارەتی تەندروستی هەرێم هۆشداری گەیشتنی ئەو ڤایرۆسە گۆڕاوەی بە هەرێمی كوردستان داوە، لای خۆشیەوە حكومەتی ئێران هەردوو خاڵی سنووری پەروێزخان و حاجی ئۆمەرانی بەڕووی گەشتیاران داخست.