سەردێر

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم وەڵامی عێراق دەداتەوە

خەڵك-
دوای ئەوەی وەزیری كشتوكاڵی عێراق باسی لەوەكرد، كە مریشكی ماوە بەسەرچوو لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی پارێزگاكانی ناوەراست و باشور دەكرێت لە لەوەڵامی ئەمە وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی  هەرێم داوای بەڵگەی لێدەكات.

محەمەد خەفاجی وەزیری كشتوكاڵی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لە توركیاوە مریشكی ماوەبەسەرچوو بۆ هەرێمی كوردستان دێت و لەوێش رێككەوتەكەی نوێدەكرێتەوە و رەوانەی ناوچەكانی عێراق دەكرێت.

وەزیری كشتوكاڵی عێراق ئەو پرۆسەیە بە گواستنەی “كۆرۆنای نوێ” بۆ وڵاتەكەی ناودەبات.

لە وەڵامی لێدوانەكانی وەزیری كشتوكاڵی عێراق ئەمڕۆ حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان بە میدیا ناوخۆییەكانی راگەیاند، “قسەكانی وەزیری كشتوكاڵی عێراق رەتدەكەینەوە، ئەگەر بەڵگەیەكیش هەیە لەلایەن عێراقەوە، داوا دەكەین بەڵگە بە ئێمە بدەن”.

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم وتیشی، لە هەرێمی كوردستان ١٠ سەربڕخانەی مریشك هەیە و هەموویان بەپێی رێنمایی و یاسا كار دەكەن و پلانیان هەیە سپیكەر و باركۆد لەسەر بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دابنێن، بۆ ئەوەی ئەگەر هات و بەرهەمی دیكە هەبێت بە ناوی بەرهەمی ناوخۆوە بازرگانیی پێوە نەكرێت و ساختە نەكرێت.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان