سەردێر

لە سلێمانی ڕێكاری توند بۆ خۆپارێزی دەگیرێتەبەر

خەڵك-
قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەكانی سلێمانی كۆدەبێتەوە و ڕایدەگەیەنێت؛ لەپێناوی پاراستنی تەندروستی گشتی پێویستە شوێنەكان پابەندی مەرج و ڕێنماییەكانی كاركردن و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن لە بەستنی دەمامك و بەكارهێنانی ماددەی پاكژكەرەوە، بەپێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی لەدژیان دەگیرێتەبەر.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی باڵا و لیژنەكانی سەلامەتی و ئارایشتگاكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كۆبۆتەوە و جەختی لە پابەندبوون بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی كردۆتەوە.

لەشكر حەمید وتیشی، “قائیمقامی سلێمانی جەختی كردۆتەوە لە پاراستنی تەندروستی گشتی و ڕایگەیاندووە، پێویستە شوێنەكان پابەندی مەرج و ڕێنماییەكانی كاركردن و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن و كارمەندانی سەرجەم شوێنەكان دەمامك ببەستن، هەروەها ڕۆژانە مادەكانی پاكژكردنەوە لەشوێنەكانیان بەكاربهێنن”.

ئاوات محەمەد ڕاشیگەیاندووە، “كاری سەرەكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، پاراستنی تەندروستی گشتییە، هەر بۆیە بەشێكی زۆری پشكنین بۆ ئەو كاڵا و شمەك و خواردەمەنییانەی ڕۆژانە لیژنەكان ئەنجامی دەدەن لەڕوی تەندروستییەوەیە”.

بە وتەی لەشكر حەمید، “قائیمقامی سلێمانی لیژنەكانی ڕاسپاردووە، لەكاتی سەردانەكانتان بۆ شوێنەكان لێپرسینەوە لەوانە بكەن، كە پابەندی ڕێكارەكانی خۆپارێزی نابن، بەپێچەوانەوە سەرپێچیكاران ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی بكەنەوه”..