سەردێر

“توركیا بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەمریكا‌و ڕوسیا، بڕیاری شەڕ دژی كورد نادات”

خەڵك-

چاودێرێكی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، توركیا هیچكات بە تەنیا بڕیاری هێرش نادات بۆسەر ڕۆژئاوا و باشووری كوردستان.

ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆسەر گەریلاكانی پەكەكە بەردەوامە و تاكو ئێستاش هیچ ڕوئیایەك نییە بۆ گەڕانەوەی توركیا بۆسەر مێزی گفتوگۆ، بەپێی زانیارییەكانیش سوپای توركیا لەنێو خاكی هەرێم ماوەتەوە و بەنیازە هێرش بكاتە سەر شنگال.

كانەبی باپیر، چاودێری سیاسی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، گەڕانەوەی توركیا بۆسەر مێزی گفتوگۆ تا ڕادەیەك پەیوەستە بە ئیدارەی نوێی ئەمریكا، ئیدارەی نوێی ئەمریكاش تازە دەستبەكار بووە، بەڵام بەرنامەكانی تاكو ئێستا ڕوون نییە، توركیاش كۆمەڵێك بەرژەوەندی هەیە لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا و ناتوانێت بڕیاری كۆتایی بدات لەو بارەوە.

وتیشی، “ئومێد دەكەین توركیا بگەڕێتەوەسەر مێزی گفتوگۆ و واز لە سڕینەوەی گەلی كورد و شەهیدكردنی هاووڵاتیان بهێنێت”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، توركیا و گەلانی توركیاش سوودمەند بوون لەو كاتەی، كە گەڕانەوە بۆ ڕێكەوتنی ئاشتی، بەڵام بەداخەوە پەنایان بردەوە بەر شەڕ، بەتایبەت توركیا، كە شەڕ و ئاشتی بەدەست ئەوە و دەتوانێت ئاشتی بەدەستبهێنێت.

ئەو چاودێرە سیاسیە ئاشكراشیكرد، توركیا هەرگیز بە تەنیا بڕیاری هێرش نادات، ئەگەر پێشتر پێشی خۆی پاك نەكاتەوە، یان بزانێت ئەمریكا و ڕوسیا هەڵوێستیان چۆنە، نایەوێت لەگەڵ وڵاتە زلهێزەكان بگاتە شەڕ یان تووشی كێشە ببێت.