سەردێر

دەستلەكاركێشانەوە لە كۆمەڵ دەستیپێكرد

خەڵك-

دوای دوو ڕۆژ لە بەستنی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵی ئیسلامی، دوێنێ بەلاغی كۆتایی ڕاگەیەنراو لە بەلاغەكەدا ناوی هەریەك لە ئەمیر و ناوی كۆمەڵ گۆڕدرا، ئەمەش لەلایەن بەشێك لە ئەندامانی ئەو حزبەوە كاردانەوەی لێكەوتەوە.

بەپێی زانیارییەكان، كۆنگرەی كۆمەڵ ناوی ئەمیری بۆ “سەرۆك” گۆڕیوە و هاوكات ناوی كۆمەڵی ئیسلامیشی گۆڕی بۆ “كۆمەڵی دادگەری كوردستان”، دوای كۆتاییهاتنی كۆنگرەكەش، ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەو حزبە ناڕازین لە ناوی حزبەكەیان و دەستلەكاردەكێشنەوە.

ئەبو جیهاد كفری، بەرپرسی ئەنجوومەنی كۆمەڵ لە شارۆچكەی كفری لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، لەبەر لابردنی وشەی (ئیسلامی) دەستلەكاركێشانەوەی خۆم لە كۆمەڵ ڕاگەیاند.

بەپێی زانیارییەكانیش، چاوەڕوان دەكرێت دەستلەكاركێشانەوە لەو حزبە زیاتر ببێت، چونكە ئەو كادیرانە پێیانوایە ئەوان حزبێكی ئیسلامین و پێویستە ئەو وشەیە بە ناوی حزبەكەیانەوە بمێنێتەوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، پێشتر و بەهۆی ڕازینەبوونیان لە ئەدای كاری كۆمەڵی ئیسلامی پێشوو، سێ ئەندامی سەركردایەتی و سەدان كادیری پێشكەوتووی كۆمەڵ لە شاری هەولێر دەستیان لەكاركێشایەوە.