سەردێر

هەڤاڵ ئەبوبەكر ڕوونكردنەوە لەسەر قسەكانی دەربارەی وەبەرهێنان دەدات

سلێمانی ـ نزار جەزا
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا قسەكانی پارێزگاری سلێمانی لەبارەی گەشەكردنی پارێزگاكە لەڕووی وەبەرهێنانەوە قسەوباسی زۆر لەسەركرا، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ شەممە جەختی لەقسەكانی پێشتری كردەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو پڕۆژانەی كراون وەبەرهێنەران دروستیان كردوون، ئەگەرنا حكومەتی خۆجێیی بودجەكەی دابین نەكردووە، بەڵكو حكومەتی خۆجێیی هاوكاریانبوون.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەم پڕۆژانە كەم نین، چونكە سلێمانی پێی دەچێتە پێشەوە.

باسی لەوەشكرد، ئەو جوڵەیەی لەسلێمانی دەبینرێت لەهیچ پارێزگایەكی دیكەی عیراق نابینرێت، ئەمەش وەزیری پلاندانانی عیراق باسیكردووە، بەنمونە ئەو گەشەكردنەی لەكەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و تەندروستی و پەروەردە لەسلێمانی دەبینرێت لەپارێزگاكانی دیكەی عیراق نابینرێت.

وتیشی، “ناڵێین هیچ كێشەیەكمان نەماوە، بەڵكو بەهۆی پشتیوانی حكومەت و حزبە سیاسییەكان بۆ حكومەتی خۆجێیی ئارامییەكی وا دروستبووە، كە زەمینەی گەشەكردنی دروستكردووە، ئەوەشی گەشەی نەكردووە باچارەسەری بكەین”.

پێشتر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاندبوو، بۆ یەكەمجار لە ژمارەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریدا سلێمانی دەبێتە یەكەم لەنێوان ساڵی ۲٠۲٠و سەرەتای ۲٠۲۱دا.

‏‎ئەوەشی خستبووەڕوو، لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردودا بڕی ملیارێك و 47 ملیۆن دۆلار لەڕێی 34 پڕۆژەوە لەسنوری پارێزگاكەدا خراوەتە گەڕ، بەم بڕە بۆ یەكەمجارە پارێزگاکە لە سی ساڵی ڕابردوودا دەگاتە پلەی یەكەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.