سەردێر

تەندروستی هەرێم 5 حاڵەتی گوماناوی جۆری نوێی كۆرۆنای ڕاگەیاند

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی 5 حاڵەتی گوماناوی جۆری نوێی كۆرۆنای ڕاگەیاند و جەختیشی كردەوە، لە ڕووی خۆپارێزی و پڕۆتۆكۆلی چارەسەری هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “لە ئێستادا پێنج حاڵەتی گومانلێكراوی ڤایرۆسی نوێی كۆرۆنا هەیە، بە ئامێری تایبەت دڵنیادەكرێتەوە و ڕایدەگەنین، كەوا جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە”.

ئاشكراشی كردووە، ئامادەكاری تەواو هەیە بۆ هەر ڕێكارێك كە بڕیاری لێ بدرێت و لە ڕووی خۆپارێزی و پڕۆتۆكۆلی چارەسەری هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا (كۆڤید19).

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
سەبارەت بە زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، هەموو پێداویستیەكانی دەستنیشانكردن لە ئامێری تایبەتمەند و تێستی تایبەت بەم ڤایرۆسە دابینكراوە.
بەڕێز وەزیری تەندروستی، تەندروستی پارێزگا و ئیدارەكانی ڕاسپاردووە بۆ ئامادەكاری تەواو بۆ پشكنین لە بازگەكان و تێست كردنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی كۆڕۆنا هاوشێوەی فڕۆكەخانەكان و بەدواداچوونی بەركەوتەكانیان و ڕووپێوكردنیان و هەماهەنگی كردن لەنێوان تاقیگەكانی تەندروستی گشتی لە پارێزگاكان بۆ ئاڵوگۆڕی شێوازی كاركردن و دەستنیشانكردن و هاوكاری كردن لە پێداویستیەكان.
هەروەها ڕاسپێردراوون بۆ چڕكردنەوەی هەڵمەتی هۆشیاری تەندروستی بۆ خۆپارێزی لەلایەن هاوڵاتیان و پتەوكردنی زیاتری ڕێكارەكان و پێداویستیەكانی چارەسەری لە نەخۆشخانەكان.
لە ئێستادا پێنج حالەتی گومانلێكراوی ڤایرۆسی نوێی كۆڕۆنا هەیە، بە ئامێری تایبەت دڵنیادەكرێتەوە و ڕایدەگەنین كەوا جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە.
تا ئێستا لە ڕووی خۆپارێزی و پڕۆتۆكۆلی چارەسەری هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ڤایرۆسی كۆڕۆنا COVID19 بەڵام بە هەستیاریەوە چاودێری ئەم ڤایرۆسە دەكەین.
ئامادەكاری تەواو هەیە بۆ هەر ڕێكارێك كە بڕیاری لێ بدرێت بۆ پشكنینی هەر كەسێك كە لە پارێزگاكانی تری عیراق ڕوو لە هەرێم دەكەن.

د. ئاسۆ حەوێزی
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی
20 شوبات 2021